کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای حەسەن ڕۆحانی لە دەڵاڵ‌و قاچاغچیەکان بۆ گۆڕینی پیشەو کارەکانیان

15:01 - 9 بانەمەڕ 2715

حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێران، لە دووهەمین ڕۆژی كۆبوونەوەی میللیی كار لە تاران گوتی لە ئەگەری ڕێككەوتنی كۆتایی‌و گشتگیری نێوان ئێران‌و کۆمەڵگای جیهانیدا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە ماوەی چەند حەوتووی داهاتوودا گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران لادەچن‌و، بارودۆخی بەرهەمهێنان لە ئێران باش دەبێتەوە. ناوبراو گوتی "دەڵاڵەكان"‌و قاچاغچییەکان كە تا ئێستا بە هۆی گەمارۆكانەوە قازانجێكی زۆریان کردوە، دەبێ لە ئێستاوە ماڵاوایی لە ئیشەکەیان بکەون‌و وەدوای کارێکی دی کەون. پەردەلادان لە دیاردەی قاچاغی حکومەتی لە ئێران لە سەردەمی ئەحمەدی‌نژادیش‌دا هاتە بەرباس‌و ناوبراویش بە هێرشبردنە سەر سپای پاسداران گوتبووی " برایانی سپا" لە رێگەی بەندەرو فڕۆکەخانەکان‌و هەموو ئەو جێیانەی بە دڵی خۆیان لە سنوور کونیان کردوە، خەریکی هاوردەکردنی کاڵای قاچاغن. ئێستاش حەسەن ڕوحانی، سەركۆماری ئێستای ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كەسانێك لە ئێران دژی چارەسەریی قەیرانی ناوكیی تاران لە ڕێگەی وتووێژن، لەبەر ئەوەی كە بەرژەوەندیی ئابوورییان كە زیاتر لە ڕێگەی قاچاخكردنەوە دابین دەكرێ لە گرەوی بەردەوامیی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانە. حەسەن ڕۆحانی‌و زۆر لە کاربەدەستانی دیکەی کابینەکەی دەڵێن ئەگەرچی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان ژیانیان لە زۆربەی خەڵكی ئێران تاڵ کردوە، بەڵام کۆمەڵێک کەس‌و لایەن لە ڕێگەی هاوردەی قاچاخی شتومەكی بیانی‌و هەروەها فرۆشتنی ناقانوونی‌و بە دزیی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكاندا سەروەت و سامانێكی یەکجار زۆریان پێکەوە ناوە.