کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ چاوپێكەوتن لە پارچین

15:05 - 9 بانەمەڕ 2715

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی  وزەی ئەتۆمی بۆ جارێكی دیكەش داوای لە ئێران كردوە چاویان بە سایتی پارچین بكەوێ. یوكیا ئامانۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە وتووێژێكدا بە تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"ی ڕاگەیاند کە وێڕای ئەو گەشبینییەی بە ڕێككەوتنی ناوكی لە نێوان ئێران و گرووپی ٥+١دا هەیەتی، بەڵام جێبەجێكردنی پرۆتۆكۆلی ئیلحاقی لەلایەن ئێرانەوە بۆ دڵنیابوون لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە بە پێویست دەزانێ. ناوبراو گوتی یەكێك لە گیروگرفتەكان یان ئەو هۆکارانەی ئاژانس ناتوانێ متمانەی بەوە هەبێ کە بەرنامەی ناوكیی ئێران مەبەستی ئاشتیخوازانەی لە پشتە ئەمەیە كە ئێران نایەیەڵێ بە وردی پشکنین بۆ ناوەندە ئەتومییەکانی بکرێ‌و یەكێكی دیكە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئاژانس‌و ئێران بابەتی بنکەی ئەتومیی پارچینە. ئامانۆ لەم بارەیەوە گوتی، ئێمە لە مێژە داوامان كروە بۆ پشکنین چاومان بە ناوەندی ئەتومیی پارچین بکەوێ، بەڵام تا ئێستاش ئێران ئەو داوایەی ئێمە بێ وەڵام هێشتۆتەوە. شایانی باسە كە داوای پشکنینی پارچین لە حاڵێك‌دایە كە ئێران ئیدیعا دەكا ئەو شوێنە نەک ناوەندێک بۆ چالاکیی ئەتومی بەڵکوو بنکەیەکی نیزامیە، ئەمەش لە حاڵێك دایە كە ئێران بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی ئەتۆمی لەم شوێنەدا تاوانبار كراوە.