کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی نوێنەرایەتی رێکخراوەکانی کورد لە فینلاند: دەوڵەتی فینلاند بۆ ئازاکردنی گیراوەکانی مەهاباد تێبکۆشی

05:52 - 28 بانەمەڕ 2715

دەستەی نوێنەرایەتی رێکخراوەکانی کورد لە فینلاند داوای لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە کردوە بۆ ئازادی گیراوەکان‌و دەرمانی بریندارەکانی مەهاباد هەنگاو هەڵگرێ. دەستەیەک لە نوێنەرانی سێ لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد. رۆژی هەینی 25 ی بانەمەڕ ( 15 ی مەی 2015 ) دەستەیەکی چوارکەسی بریتی لە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەردانی وەزارەتی دەرەوەیان کرد و لەلایەن شاندێکی وەزارەت بە سەرپەرستیی خاتوو تینا لاروالا(Tina Larvala) بەرپرسی کاروباری کەنداوی فارسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەراست پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا دەستەی نوێنەرایەتیی کوردانی رۆژهەڵات، وێرای دانی راپۆرتێک لە سەر دوایین رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و گیان لەدەستدانی فەریناز خوسرەوانی، راپۆرتێکی گشتی لە سەر رەشی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سیستەمی زیندان و ئەشكەنجەی زیندانیان لە ئێران‌و هەروەها راپۆرتێکی لە سەر پرسی کورد لە ئێران پێشکەشی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کرد. لەو دیدارەدا دەستەی نوێنەرایەتی کوردانی رۆژهەڵات داوانامەیەکیان پێشکەشی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی فینلاند کرد بە مەبەستی: ئازادیی خێرای گیراوەکانی رووداوەکانی دوای گیان لە دەستدانی فەریناز خوسرەوانی و مسۆگەرکردنی هێمنایەتیی دەرمانکردن بۆ بریندارەکانی رووداوەکان‌و هەروەها داوا کرا فینلاند لە پێوەندییەکانی خۆی بە شێوەی راستەوخۆو لە رێگای یەکیەتیی ئورووپاوە زەخت بخاتە سەر ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی ئەمنیەتی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و ئابووری رۆژهەڵاتی کوردستان. نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیش لە لایەن خۆیانەوە وادەی بەدواچوون‌و ئاگادارکردنەوەی چالاکیەکانیان بە دەستەی نوێنەرایەتی کوردانی رۆژهەڵات دا. کۆبوونەوەکە دوای یەک کاتژمێر و پێشنیاری درێژەدانی دیداری نوێنەرایەتی کوردستانیانی رۆژهەڵات لە داهاتوودا کۆتایی پێهات. دەستەی نوێنەرایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بریتی بوون لە شنە رەزابی، خەلیل عەلیزادە، ناسر بیرزۆیی و مەجید حەقی. ئەوەی خوارەوە دەقی داوانامەی دەستەی نوێنەرایەتی رێکخراوەکانی کورد لە فینلاند لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە بۆ بەدواداچوون بۆ ڕەوشێ گیراوەکان‌و بریندارانی دوای خۆپیشاندانەکەی مەهابادە: داوا لە دەوڵەتی فینلاند دەکەین، زەخت بخاتە سەر ئێران بۆ ئازادکردنی زیندانیان و مسۆگەر کردنی هێمنایەتی لە دەرمانکردنی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا بە بێ ترسی گیران و دەستبەسەرداگیران. رۆژی 4.5.2015 فەریناز خوسرەوانی کچێکی 25 ساڵەی کورد بۆ رزگاری لە هەوڵی دەستدرێژی کاربەدەستێکی دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی خۆی لە نهۆمی چوارەمی هۆتێل تارا فرێدەدات و گیانی لە دەست دەدات. فەریناز کارمەندی هۆتێل تارابوو. گیان لەدەستدانی فەریناز بوو بە هۆی توورەیی خەڵکی مەهاباد و بەو هۆیەوە خۆپێشاندانی نارەزایەتیان دژی کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی و بەرێوەبەری هۆتێل تارا وەرێخست. دەزگاکانی سەربازی کۆماری ئیسلامی بە ئاگر و ئاسن وەڵامی خەڵکی نارازیان داوە و لەئەنجامدا کوردەکان لە شارەکانی جیاوازی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە خۆپێشاندانی نارەزایەتی و مانگرتن دا. لە ئەنجامی تەقەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە 200 کەس بریندار و دەستگیر کراون. دەستگیر کراوەکان بۆ ئەشکەنجەگاکانی شاری مەهاباد و نەغەدە راگویزراون.شوێن و چارەنووسی بەشێکی زۆر لە گیراوەکان نادیارە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی 36 ساڵی رابردوودا سیاسەتی شەڕی سەربازی، ئابووری، کولتووری و دەروونی دژی خەڵکی کوردستان بەکار بردووە. دەستدرێژی بەسەر ژنان، کچان و مێرمنالان بەشێک لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە دژی گەلی کورد. ساڵانە بە دەیان ژن بە هۆی ئەوەی بووتە قوربانی دەستدرێژی کۆتایی بە ژیانی خۆی دینێت. لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا کۆماری ئیسلامی بە شێوەی بەردەوام پێشێلکاری مافی مرۆڤی کردووە لە کوردستان: بڵاوکردنەوەی سیستماتیکی مادەهۆشبەرەکان لە ناو لاوانی کوردستان، پەخشی تۆری مینە زنجیریەکان لە ناوچە سنووریەکان، تەقە و کوشتنی کۆلبەرانی کوردستان، ئێعدام و لەسێدارەدانی ئاشکرای زیندانیان لە کوردستان. جێبەجێکردنی هەموو ئەو سیاسەتانە سیاسەتی رۆژانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستاندایە. بە پێی راپۆرتی "ئەحمەد شەهید" نێردراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2014 لانی کەم 850 کەس لە ئێران ئێعدام کراون و لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتی نێردراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارمانگی سەرەتای ساڵی 2015دا لانی کەم 340 کەس لە ئێران ئێعدام کراون کە لەوانەی 6 زیندانی سیاسی و 7 کەس ژن بوون. دەوڵەتی فینلاند بە شێوەیەکی ئەرێنی لە پێناو بەرەوپێش چوونی مافی مرۆڤ لە ئاستی ناونەتەوەییدا هەوڵی داوە. لە ماوەی پانزدە ساڵی رابردوودا پێوەندیەکانی ئابووری و دیپلۆماتیکی نێوان ئێران و فینلاند پێشوەچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە. ئێمە داوا لە فینلاند دەکەین، چ وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەک ئەندامێکی یەکیەتی ئورووپا لە رێگای پێوەندیەکانی دووقووڵی و پێوەندیەکانی ئورووپاییەوە ئێران بخاتە ژێر گوشار بۆ پابەندبوون و جێبەجێ کردنی پەیمانە ناونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ کە ئێران بۆخۆی پەسەندی کردووە. داوا لە دەوڵەتی فینلاند دەکەین لە رێگای پێوەندی دیپلۆماتیکەوە ئێران هان بدات بۆ: 1. رزگارکردنی هەموو گیراوەکانی دوای رووداوی 5.5.2015 لە رۆژهەڵاتی کوردستان 2. دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی لێکۆلینەوەی راستیەکان لە ژێر چاوەدێری کۆمەڵگای ناونەتەوەیی بۆ لێکۆلینەوە لە سەر هۆیەکانی گیانلەدەستدانی فەریناز خوسرەوانی. 3. کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەرکوتی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان 4. ئێران توندوتیژی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی خۆی دژی گەلی کورد کۆتایی پێ بێنێت 5. مسۆگەرکردنی ئازادی کۆبوونەوە و خۆپێشاندان کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا رێپیدراون. داوا لە دەوڵەتی فینلاند دەکەین، ببێتە هاندەری ئێران لە پیناو چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە ئێراندا. هێلسینکی 15.5.2015