کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی "ڕزگاركردنی یەمەن" بە بەشداریی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و وڵاتانی كەنداو

06:16 - 28 بانەمەڕ 2715

كۆنفرانسی "ڕزگاركردنی یەمەن" بە بەشداریی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و وڵاتانی عەرەبیی شورای هاوکاریی كەنداو لە ریاز، پێتەختی عەرەبستان دەستی پێكرد. لەم كۆنفرانسەدا كە بە به‌ خانه‌خوێی عه‌ره‌بستان گیراوه‌، جگە لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و وڵاتانی هاوكاریی كەنداو، زیاتر لە 250 كارناس لە بوارە جیاجیاكاندا قەیرانی وڵاتی یەمەن تاوتوێ دەكەن. عەبدولعەزیز جەباری سەرۆكی هەیئەتی ڕاوێژكاریی كۆنفرانسی "ڕزگاركردنی یەمەن" لەبارەی چالاكییەكانی ئەم كۆنفرانسەوه‌ ده‌ڵێ: كۆنفرانس به‌ وردی تاوتوێی قەیرانی سیاسی‌و ئابووریی وڵاتی یەمەن دەكا. ناوبراو هەروەها دەڵێ، ئامادەكرانی ڕەشنووسی قانوونی بنەڕەتیی نوێ لە لایەن هەیئەتی یەمەن‌و بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە داهاتوویەكی نزیكدا لە كارە سەرەكییەكانی ئەم كۆنفرانسە دەبێ. جەباری گوتی لە قانوونی بنەڕەتیی نوێی وڵاتی یەمەن‌دا سنووری دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی، هەرێمەكان‌و ئەیالەتەكان ڕوون كراوەتەوە. سەرۆكی هەیئەتی ڕاوێژكاریی یەمەن دەڵێ هەموو لایەنە سیاسییەكانی یەمەن ڕەزامەندییان لەسەر بەیاننامەی ریاز بۆ پێكهێنانی ئەم كۆنفرانسە دەربڕیوه‌. جەباری پێداگریی كردەوە كە سەدی 90ی خەڵكی یەمەن پشتیوانییان لەم گفتوگۆیانه‌ كردوەو تەنیا كۆمەڵێك لە گرووپە چەكدارەكان كە نایانهەوێ وڵاتی یەمەن سەقامگیر بێ دژایه‌تیی ئه‌و کۆنفڕانسه‌یان کردوه‌.