کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری دەوڵەتی ئاڵمان بۆ مامه‌ڵه‌ی بازرگانیی زۆر گه‌وره‌ لەگەڵ ئێران

06:20 - 28 بانەمەڕ 2715

پاش دیداری وەزیری نەوتی ئێران لە ئاڵمان، دەوڵەتی ئەم وڵاتە بیر له‌ فراوانكردنی پێوەندییه‌ بازرگانییه‌کانی ئه‌لمان لەگەڵ ئێران ده‌کاته‌وه‌. حەوتوونامەی ئاڵمانیی ئیشپیگێل لە دوایین ژمارەی خۆیدا ئاماژەی بە پێوەندیی ئێران‌و ئاڵمان كردوه‌و جگە لە وتووێژ لەگەڵ محەممەدجەواد زەریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی سەفەری بیژەن زەنگەنەی بۆ شاری بێرلین کردوه‌. زەنگەنە لە سەفەری خۆیدا بۆ وڵاتی ئاڵمان كە ڕۆژی 17 بانەمەڕ بوو، جگە لە کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زیگمار گابریل، وەزیری ئابووریی ئاڵمان، چاوی بە كۆمەڵێك لە كاربەدەستانی پیشەسازیی ئەم وڵاتە كەوت‌و لەگەڵ بەڕێوەبەری شیركەتی ماشێن سازیی فولكس واگۆن کۆبۆوه‌.. بەپێی ڕاپۆرتی ئیشپیگێل، وەزیری نەوتی ئێران لەم چاوپێكەوتنەدا گرینگیی بە بابه‌تی وه‌به‌رهێنان لە ئێراندا کردو گوتی، هاتنە نێو بازاڕی ئێران دەتوانێ قەڵەمبازێك بێ لە ئابووریی ناوچەدا. بەپێی بەڵگەكانی ئیشپیگێل، وەزارەتی ئابووریی ئاڵمان پێویستیی ئێران بە سەرمایەدانانی له‌ ساڵدا پتر له‌ سەد میلیارد دۆلار خه‌مڵاندوه‌. جێی بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و ئاڵمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو له‌ کزی داوه‌و پێش دوایین خولی گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا دژی ئێران لە ساڵی 2011، ڕێژەی هەناردەی ئاڵمان بۆ ئەم وڵاتە نزیك بە 4 میلیارد یۆرۆ بووە، بەڵام پێوەندیی ئابووریی نێوان ئەم دوو وڵاتە وردە وردە له ‌که‌می دا، بە شێوەیەك كە بڕی مامه‌ڵه‌و بازرگانیی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ لە ساڵی 2013 گەیشتە كەمتر لە 2 میلیارد یۆرۆ. هێندێك لە ئابووریناسانی ژووری بازرگانیی ئاڵمان لەسەر ئەم بڕوایەن كە پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان، ئاستی مامه‌ڵه‌ی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا تا 12 میلیارد یۆرۆ بەرز دەبێتەوە.