کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەوئەژنۆ دانیشتنی نزیك بە ٦ میلیون كەس لە دەرچووانی زانكۆ لە ئێران

05:00 - 29 بانەمەڕ 2715

كاربەدەستێكی وەزارەتی كار دەڵێ نرخی بێكاریی دەرچووانی زانكۆ لە ئێران لە ئاستی ناوەندیی بێکاری لە ئێران بەرزترەو بێكاری لە نێو ژنانی خوێندەواردا دوو ئەوەندەو نیوی پیاوان زیاترە. كوروش پەرەند، جێگری وەزیری تەعاون، كارو خۆشبژیویی كۆمەڵایەتی دەڵێ لە ئێستادا ١٠ میلیون‌و ٢٠٠ هەزار کەس لە ئێران خوێندنی زانکۆیان تەواو كردووە، بەڵام ٥ میلیون و ٧٠٠ هەزار كەس لەوان بێكارن‌و هیچ ڕۆڵێكیان لە بەرهەمهێنان نییە. بە قسەی پەرەند نزیك بە ٤ میلیون‌و ٥٠٠ هەزار خوێندكاری دیکەش بەم زووانە خوێندنی زانکۆ تەواو دەكەن‌و ڕوون نییە بتوانن خۆیان لە بازاڕەكانی كاردا ببیننەوە. ڕاگەیاندنی بێكاری‌و بێکاربوونی نزیك بە ١٢ میلیون كەس لە ئێران کە خوێندنی زانكۆیان تەواو كردووە لە حاڵێك دایە كە، لە دەیەكانی ڕابردوودا بنەماڵە ئێرانییەكان خوێندنی زانكۆیان بە زەمانەتی دامەزراندن‌و چوونە نێو بازاڕەكانی كار دەزانێ. بە سەرنجدان بە ئامارەكانی جێگری وەزیری تەعاون، كارو خۆشبژیویی كۆمەڵایەتی، لە هەر ٣ کچ‌و ژن کە ئێران کە خوێندنی زانكۆیان تەواو کردوە، ژنێك بێكارە. مانگی ڕابردووش سوهەیلا جێلوەدارزادە، ڕاوێژكاری وەزیری نەوت، سامانەكان‌و بازرگانی بۆ كاروباری ژنان‌و بنەماڵە گوتبووی كە ژنان سەدی ٦٤ خوێندەوارانی زانكۆ پێك دێنن، بەڵام ڕێژەیەكی زۆر كەمیان دوایە دادەمەزرێن یان لە بازاڕی کاردا دەمێننەوە. "ئیقتساد نیوز"یش لە ڕاپۆرتێكدا نوسیویەتی کە لە تەنیشت قەیرانی ئابووری‌و کێشەکانی وەك وەستانی بازاڕی كارو گەمارۆكان كە گیروگرفتی سەرەكییان بۆ بازاڕەكانی كار دروست كردووە، هێندێك كەس‌و لایەنیش هۆكاری فەرهەنگیی كۆمەڵگاش بە هۆکاری كەمیی بەشداریی ژنان لە بازاڕەكانی كاردا دادەنێن. بەپێی هەمان سەرچاوە زاڵبوونی فەرهەنگی پیاوسالاری بەسەر زۆرینەی سیاسەتمەدار‌و پلاندانەران لە ئێران لە هۆكارە گرینگ‌و سەرەكییەكانی بەشدارینەكردنی ژنان لە بازاڕەكانی كارە ، چۆن پێوەری ئەم سیاسەتە نەتەنیا شایستەسالاریی نییە، بەڵكوو بایەخدان بە بواری ڕەگەزییە‌و ئەوەش وادەکا کە ئەولەوییەتی دامەزراندنەکان هەمیشە بۆ پیاوان بێ. "ئیقتساد نیوز" ئاماژەی بە لایەنی دیكەی ئەو فەرهەنگە، واتە کاردانەوە ژنانیش كردوە كە هێندێك لە ژنانی خوێندەوارو لێهاتوو بۆ خۆیان مەیدانەکە چۆڵ دەکەن، لەبەر ئەوەی كە مێردەکانیان دژی كاركردنی ژن لە بازاڕەكانی كار دایە یان پێویستیی ماڵییان نییە یان بە واتایەكی دیكە شوێنی كار بە ئەمن نازانن یان كاتێك منداڵیان دەبێ هەموو ژیانیان بۆ پەروەردە و گەورەكردنی منداڵ تەرخان دەكەن. چالاكانی ئابووری و ژنانی ئێران دەڵێن، سیاسەتگوزارییەكانی دەوڵەت لەماوەی ٨ ساڵ سەركۆماریی ئەحمەدینژاد بێكاریی دوو بەرابەری ژنانی لێ كەوتەوە. لە هەمان كاتدا چاودێرانی ئێرانی دەڵێن بەرتەسككردنەوەی بەشداریكردنی ژنان لە بازاڕەكانی كارو سیاسەت لەم خولەی ئێستای حەسەن ڕۆحانیش درێژەی هەیەو بەردەوامە.