کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی ڕازینی: خڵخاڵی لە ئێعدامەكانی سەرەتای شۆڕشدا زۆر وردبین نەبوو

05:16 - 29 بانەمەڕ 2715

عەلی ڕازینی، سەرۆكی ڕێكخراوی قەزایی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سەردەمی شەڕ دەڵێ خەڵخاڵی لە ئێعدامكردنەكانی سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێراندا وردبین نەبوو، ئەو دەڵێ ئەندامانی ڕێكخراوی موجاهیدنی خەڵق کەسانێکی شیاوی ژیان نەبوون‌و دەبا ئێعدام كرابان. ڕازینی ئەم قسانەی لە وتووێژێكدا لەبارەی کارو کارنامەی دەزگای قەزایی ئێران لە سەردەمی شەڕدا کردوە. ناوبراو دەڵێ سەرەڕای هێندێك لە هەڵەكانی دەزگای قەزایی لە كاتی شەڕی ٨ ساڵەدا‌و هێندێك لە بیرەوەرییەكانی هاشمی ڕەفسەنجانی، لەو ٨ ساڵەدا هیچ فەرماندەیەك دەسبەسەر، دادگایی و ئێعدام نەكراوە. ئەو قسانەی ڕازینی لە حاڵێک دایە کە هاشمی رەفسەنجانی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی یەحیا ڕەحیم سەفەوی گوتبووی ڕەفسەنجانی پاش مردنی خومەینی دەیەویست ببێتە ڕێبەری ئێران گوتی، سەفەوی بۆ خۆی لە سەروبەندی تەواوبوونی شەڕدا حوكمی ئێعدامی دەرچووەو ئەو نەیهێشتووە کە ئێعدام بکرێ. ڕازینی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕەخنەی لە كردەوەكانی سادق خەڵخاڵی لە سەرەتای شۆڕش دا گرتوەو دەڵێ ئەویش زۆر لە كارەكانیداو لە زۆر لە ئێعدامەکاندا وردبین نەبوو. ئەم كاربەدەستە قەزاییەی پێشووی كۆماری ئیسلامی لەبارەی ئێعدامەكانی ساڵی ١٣٦٧ دەڵێ ئەو كات دەزگای قەزایی دژی ئازادکرانی هێندێك لە ئەندامانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەڵق بوو، بۆیە داوای كردبوو كە خێرا ئێعدامیان بكەن. ناوبراو دەڵێ، ئەندامانی ڕێكخراوی موجاهیدنی خەڵق کەسانێکی شیاوی ژیان‌و بە نرخ نەبوون‌و هەر دەبا ئێعدامی كرابان.