کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری وەزیری بەرگریی ئێران بۆ بەغدا بەدوای داگیر كرانی ڕۆمادی لە لایەن داعشەوە

15:05 - 29 بانەمەڕ 2715

وەزیری بەرگریی ئێران پاش دەستبەسەرداگیرانی ڕۆمادی، سەردانی عێراقی كردووە. لەم سەفەرەدا حوسێن دێهقان جگە لە دیدارو وتووێژ لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی ، لەگەڵ سەركۆمار، سەرۆك وەزیرو كۆمەڵێكی دیكە لە كەسایەتییە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە دیدارو چاوپێكەوتنی دەبێ. هەواڵدەریی ئیرنا گرینگرتین ئامانجەكانی سەفەری هەیئەتی ئێرانی بۆ پەرە پێدانی هاوكارییە نیزامی‌و بەرگرییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە گەڕاندۆتەوە. هەواڵی سەفەری وەزیری بەرگریی ئێران بۆ عێراق لە حاڵێك دایە كە دەوڵەتی ئیسلامیی داعش دەڵێن كۆنتڕۆڵی شاری ڕۆمادییان بە تەواوی گرتۆتە دەست. كاربەدەستێكی ناوچەیی دەڵێ لە ڕووداوەکانی هێرشی هێزەكانی داعش بۆسەر ئەم شارە نزیكەی ٥٠٠ كەس لە خەڵکی مەدەنی‌و هێزە دەوڵەتییەکان كوژراون و لە ئێستاشدا ڕێكخراوی شیعەی "حەشدی شەعبی" خۆی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم گرووپە و ئەستاندنەوەی شاری ڕۆمادی رێک دەخا. دەست بەسەرداگرتنی شاری ڕومادی لە حاڵێک دایە کە ڕۆژی ٣٠٠ ی خاكەلێوە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو كە هەر نەبێ ٩٠ هەزار كەس لە دانیشتووانی شاری ڕۆمادی بەهۆی ترس لە داعش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووەو خەریكن لەم ناوچەیە دەردەچن. شایانی باسە داگیر كرانی شاری ڕۆمادی لە لایەن داعشەوە، بە شكستێكی گەورە بۆ هێزە دەوڵەتییەكانی عێراق دادەنرێ، چونكی مەودای شاری ڕۆمادی لەگەڵ بەغدا كەمتر لە ١٠٠ كیلۆمیترە.