کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆبەخت: ٣ هەزار پرۆژەی نیوەچڵی ئاوەدانكردنەوە بەسەردەستمان دا ماوەتەوە

15:11 - 29 بانەمەڕ 2715

محەممەدباقر نۆبەخت، جێگری حەسەن ڕووحانی دەڵێ دەوڵەت لەگەڵ قەیرانی بە سەر دەستدا مانەوەی 2 هەزار و ٩٠٠ گەڵاڵەی ئاوەدانكردنەوەی نیوەچڵ بەرەوڕوویە. محەممەدباقر نۆبەخت دەڵێ، بڕی ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن بۆ تەواو كردنی ئەم پرۆژانە پێویستە، ئەوە لە حاڵێك دایە كە بوودجەی ساڵی ڕابردوو ٤٠ هەزار میلیارد تمەن بووە. جێگری حەسەن ڕووحانی، وێڕای ئاماژە بەم بابەتە کە لە ئەگەری ئەوەی سەدا سەدی ئەم بوودجەیەش تەرخان بكرێ، بەڵام دیسانیش كاری ئەم پرۆژانە تەواو نابێ، گوتی: كۆمەڵێك لەم پرۆژانە تا ١٠ ساڵی دیكەش تەواو نابن‌و لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە کەمترین قازانجیان هەیە. جێگری سەركۆماری ئێران لە پێوەندی لەگەڵ یارانە نەغدییەكانیش‌دا گوتی: لە ساڵی ڕابردوودا ٤٢ هەزار میلیارد تمەن بەسەر بنەماڵەكاندا دابەش كراوە كە ١١ هەزار و ٣٠٠ میلیارد تمەنی لە خەزێنەی دەوڵەت بۆ ئەم مەبەستە خەرج كراوە. نۆبەخت هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە كە زۆر لە بنەماڵەكان ژیانی خۆیان لەگەڵ یارانە ڕێك خستووە و گوتوویەتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤ میلیۆن كەس ناوەكانیان لە لیستەی یارانەوەرگرەكان سڕدراوەتەوەو دەوڵەت بە تەمایە چۆنیەتیی پێدانی یارانەکان بە یەکجاری یەکلا کاتەوە.