کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەدەغەكردنی ٣٠ شوغڵ لە بەهاییەكانی ئێران

14:43 - 30 بانەمەڕ 2715

سەرەڕای ئیدیعاكانی كاربەدەستانی ئێران لە بابەت یەكسانیی مافی هاووڵاتییان، بەڵام هەڵاواردن بەدژی كەمینە نەتەوەیی‌و ئایینییەكان لەم وڵاتە بە شێوەی سیستماتیك هەروا درێژەی هەیە. سەرۆکایەتیی هێزی ئینتزامی بە بڕیارێك، داوای لە ئیدارەی ئەماكینی هێزە ئینتزامییەکان لە هەموو ئێران كردووە كە بۆ كۆنتڕۆڵ، سنووردارکردن‌و چاوەدێریی هەڵسوكەوتی بەهاییەكان، هەموو شوێنکەوتووانی ئەو ئایینە بزاندرێ کێن‌و ڕێگری لە بەشداریی بەربڵاوی ئەوان لە كۆمەڵگادا بكرێ. ئەم بڕیارە كە ٤ بەندی هەیە ساڵی ١٣٨٦ پەسندکراوەو تا ئێستاش وەك خۆی ماوەتەوە، لە بەندی دووهەمی ئەم بڕیارەدا هاتووە كە پێویستە ڕێگری لە بەشداریی بەهاییەكان لەم كارو شوغڵانەدا بكرێ كە داهاتی زۆریان هەیە. هەروەها بەپێی ئەم بڕیارە دەبێ بەهاییەكان شوغڵێكیان هەبێ كە داهاتەکەی کەم‌و دیاریكراو بێ. حاڵەتێكی دیكە لە بەرتەسككردنەوەی بەهاییەكان كە لەم بڕیارنامەیەدا ئاماژەی پێ كراوە، قەدەغەكردنی كارکردنیان لە ڕێكخراوە فەرهەنگی، تەبلیغاتی و ئابوورییەكانە. هەر بەپێی ئەم بڕیارە نابێ بەهاییەكان لە ڕۆژنامەكان، بڵاڤۆكەكان، زێڕینگەری‌و ئاڵتوون سازییەكان، سەعات‌سازییەكان، چاپەمەنییەكان، گراوێرسازییەكان، ناوندە گەشتیارییەكان‌و شوێنەكانی بەكرێدانی ئۆتۆمبێل، نووسەران‌و كتێب فرۆشییەكان، مسافیرخانەكان، هۆتێلدارەكان، ناوەندەكانی فێركردنی بەرگدروویی، "گیم نێت"، كامپیووتێرو كافی نێتەكاندا كار بکەن. لە بەندی چوارەمی ئەم دەستوورەدا وێڕای ئەوەی كە بەهاییەكانیان بە "پیس و گڵاو" ناویان هاتووە، داوا لە ئیدارەی ئەماكینی هێزە ئینتزامییەکان كراوە كە ڕێگری لە چوونی ئەم بەشەی كۆمەڵگا بۆ هۆڵەكانی پەزیرایی، ڕێستووران و سێلف سێرویسەكان، چێشتخانەكان و فرووشگاكانی خواردەمەنی، قاوەخانەكان، فرۆشیارانی مادە پرۆتۆئینی و سووپێرماركێتەكان، دووكانەكانی بەستەنی فرۆشتن‌ و ئاومیوە و نووشابە، قەننادی و شیرینی فرۆشییەكان و كافی شاپەكان بكرێ. شایانی باسە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری، كۆمەڵگای بەهایی ئەم وڵاتەی لە بەشە سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریەكان دوورخستۆتەوەو سەركوتی كردن‌و بە بەردەوامی لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە بە فشارهێنان‌و جەزرەبەدانی بێ‌پسانەوەی ئەم توێژەی كۆمەڵگا، ئەوان ناچار بكا یان وڵات بەجێ بهێڵن یان واز لە ئایینەكەیان بێنن.