کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەشیمەتی چالاكی ئێران زیاتر لە ڕابردوو پیرو پەككەوتەوە و بێكار دەبێ

14:51 - 30 بانەمەڕ 2715

حەشیمەتی چالاكی ئێران زۆر بە خێرایی خەریكی پیر دەبێ. بەپێی دوایین سەرژمێری لە ئێران تا ساڵی داهاتوو نیزیک بە ٣ میلیۆن كەس و تا ساڵی ١٤٠٠ نزیكەی ٦ میلیۆن كەس لە حەشیمەتی چالاكی ژێر ٣٠ ساڵ كەم دەبێتەوە، بەم شێوەیە، ئێران جگە لە هەڵكشانی تەمەنی حەشیمەت، زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ دیاردەی قەیرانی بێكاریی حەشیمەتی بەتەمەنیش بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەر بەپێی ئەم سەرژمێرییە، حەشیمەتی چالاك یان ئەوانەی لە قۆناغی تەمەنیی كاركردن دان نزیكەی ٢٣ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار كەس ڕاگەیەندراوەو، دەگوترێ لە نێوان ساڵانی ١٣٦٥ تا ١٣٩٠ پتر لە ١٠ میلیۆن كەسی دیكە لە حەشیمەتی چالاكی ئەم وڵاتە زیاد بووە، ئەگەرچی ئەم كەسانە هەلی كاركردنی ڕاستەقینەیان لە بازاڕی كاری ئێران وەدەست نەكەوتووە. لەم ڕێژەیە ٥ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار كەس دەرچووانی زانكۆكانن كە بەهۆی نەبوونی كار دەستەوئەژنۆ دانیشتوون‌و بێکارن. لە ڕاپۆرتی وەزارەتی كاری ئێرانیش‌دا هاتووە كە حەشیمەتی ٣٠ تا ٦٤ ساڵی ئەم وڵاتە كە ساڵی ١٣٩٠ نزیكەی ٢٩ میلیۆن و ٥٥٠ هەزار كەس بووە، لە ساڵی ١٣٩٥ بۆ ٣٥ میلیۆن و ٨٣٢ هەزار كەس زیاد دەکا. بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئێران زۆرتر لە ڕابردوو دەكەوێتە بارودۆخێكەوە كە لەودا حەشیمەتی چالاكی بەتەمەن یان تەنانەت ئەو كەسانەش كە لە تەمەنی خانەشینی دان، بە ناچاری دەبێ باری ماڵیی حەشیمەتی لاو و بێكاری ئەم وڵاتە وەئەستۆ بگرن، بەڵام ئەوەی كە شوێنەواری كۆمەڵایەتیی ئەم بارودۆخە تۆختر دەكاتەوە، وەرشكست بوونی زۆربەی سندووقەكانی خانەنشینییە كە زۆر بە سەختی توانای پێدانی مووچەی كەسانی خانەنشین كراوی هەیە.