کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری ڕووحانی: قانوونەكانی ئێران ناتوانن توندوتیژیی بەدژی ژنان بنه‌بڕ بكەن

05:52 - 8 سەرماوەز 2715

شەهیندۆخت مەولاوێردی، جێگری حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان‌و بنەماڵە، لە كۆبوونەوەیەك‌دا كە لە تاران بەڕێوەچوو، دانی بەوە دانا كە سەرجەم هەوڵە دەوڵەتی‌و قانوونییەكانی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی بۆ سەر ژنان بێ‌ئاکام بووه‌و بەهیچ كوێ نەگەیشتووە. مەولاوێردی وەك نموونەی ئەم هەوڵانە ئاماژەی بە لایەحەی "دابین‌كردنی ئەمنیەتی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی"دا كردو گوتی بەهۆی دژایەتی كردنی كۆمیسیۆنی لایەحەكانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئەم لایەحەیە تەنانەت تاوتوێش نەكرا‌و لە كۆتاییەكانی دەوڵەتی دەیەم‌دا ئەم گەڵاڵەیە بە تەواوی لە دەستووری كار وه‌لانرا. جێگری حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و بنەماڵە لە درێژەی قسەكانی‌دا گوتی: سەرەڕای هەوڵەكانی دەوڵەتی ڕووحانی بۆ وەگەڕ خستنەوەی ئەم لایەحەیە، بەڵام هیچ چەشنە هاوئاهەنگییەكی پێویست لە بابەت بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەم مەسەلە بەدی ناكرێ. مەولاوێردی هەروەها باسی لە ئامادە كردنی بەڵگەیەك بۆ ڕێگری كردن لە توندوتیژیی نێوماڵ لە لایەن وەزارەتی بێهداشت كردو پێداگری كردەوە كە قانوونە مەدەنی‌و كەیفەرییەكان‌و بەرنامەكانی گەشەپێدانی وڵات، لە بواری نەهێشتنی توندوتیژی بەدژی ژنان قورسایی پێویستییان نییە‌و پێویستە بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی بنەڕەتی بدرێ‌و لە چەند بوارەوە مشووری لێ بخۆن.