![](/files/irankokoshtar.jpg)
هه‌واڵده‌رییه‌كانی فارس و ته‌سنیم ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕایانگه‌یاند كه لانیكه‌م ١٣ ئه‌ندامی دیكه‌ی سپای پاسداران كه یه‌كیان فه‌رمانده‌یه‌كی پله به‌رزه له شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه كوژراون.
هه‌واڵده‌ریی فارس كه‌سایه‌تی و شوناسی ٦ كه‌س به ناوه‌كانی ڕه‌حمان پاپی، ئیمان ئازه‌ربوویه، ڕه‌زا عادڵی، مۆحسێن كولابادی، ئه‌حمه‌د ئه‌لیاسی و ئه‌حمه‌د ئه‌مجه‌دی ڕاگه‌یاندوه.
هه‌روه‌ها هه‌واڵده‌ریی ته‌سنیمیش شوناسی ٦ كه‌سی دیكه‌ی به ناوه‌كانی حه‌بیب ڕه‌حیمی مه‌نێش، مه‌حموود ئه‌سكه‌نده‌ری، مسته‌فا خه‌لیلی، حوسێن ڕه‌زاقی، سه‌عید عه‌لیزاده و حامید كوچكزاده‌ی ڕاگه‌یاندوه.
شیمانه‌ی ئه‌مه ده‌كرێ كه ئه‌م ١٣ كه‌سه له ڕه‌وتی تێكشاندنی گه‌مارۆی درێژ ماوه‌ی دوو ئاوایی شیعه‌نشین له باكووری پارێزگای حه‌له‌ب له سووریه كوژرابن.
تلویزیۆنی ده‌وڵه‌تیی سووریه‌و حیزبۆڵڵای لوبنان هه‌ر هه‌مان ڕۆژ ڕایانگه‌یاند كه گه‌مارۆی ئاواییه‌كانی نبول و زه‌هرا تێك شكێندراون. هه‌واڵده‌رییه‌كانی ئێران ڕایانگه‌یاند كه ئه‌م دوو ئاواییه زیاتر له ٦٠ هه‌زار شیعه‌ی تێدا نیشته‌جێیه.
هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌واڵده‌ریی "ئه‌هلی به‌یت" له زمان سه‌رچاوه‌یه‌ك ڕایگه‌یاند كه فه‌رمانده‌یه‌كی سپای پاسداران له سووریه كوژراوه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، سه‌رتیپی پاسدار مۆحسێن قاجاریان فه‌رمانده‌ی تیپی ٢١ی زرێهیی به ناو ئیمان ڕه‌زای نیشابوور له كاتی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ئموورییه‌تی ڕاوێژكاری له پارێزگای حه‌له‌بی سووریه كوژراوه.
له سه‌ره‌تای ده‌سپێكی شه‌ڕی نێوخۆی سووریه تا ئێستا ده‌یان ئه‌ندامی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی له‌م وڵاته‌دا كوژراون. هه‌روه‌ها له ڕه‌وتی شه‌ڕی نێوخۆی سووریه له ماوه‌ی ٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر له ٢٥٠ هه‌زار كه‌س كوژراو و به سه‌دان هه‌زار كه‌س ئاواره بوون.