کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەشت دەرهێنەره‌که‌ی فیلمی "ژیان لە سنوور" نەگەیشتنە فێستیڤاڵی بێڕلین

15:42 - 20 رێبەندان 2715

هەشت دەرهێنەره‌که‌ی فیلمی "ژیان لە سنوور"، ناتوانن بەشداریی لە فیستیڤاڵی بێڕلین‏دا بکەن. بەپێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵده‌رییه‌کان فیلمی دێکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"، لە دەرهێنانی هەشت منداڵ لە شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرهەمهێنانی بەهمەن قوبادی، ڕۆژی ١٨ی فێورییەی ٢٠١٦، لە بەشی"نمایشی تایبەتی فه‌رشی سوور"، لە ٦٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بێڕلین لە وڵاتی ئاڵمان، دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان و کونفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی، سەبارەت بەم فیلمە لە لایەن فێستیڤاڵی بێڕلینەوە ڕێکدەخرێ. بەم بۆنەوە ئەم هەشت منداڵە دەرهێنەرە بۆ نمایشی فیلمەکەیان بۆ ئه‌م فێستیڤاڵە بانگهێشت کراون ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاسپۆرت ناتوانن بەشداریی فێستیڤاڵەکە بکەن. فیلمی"ژیان لە سنوور"، وێناکردنی ژیان و بارودۆخی منداڵانە لە چاوی خۆیانەوە، بۆیە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە هونەرییەکان و هەروەها کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیهان، پێشتیوانیی لێ‏دەکرێ. ئەو بەرهەمە سینەماییە، لە ٨ بەش پێکهاتووەو ٨ منداڵی ئاوارەبووی شەڕی کۆبانی و شنگال، تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن و باس لە چیرۆکی هێرشی چەکدارانی داعش و چۆنیەتیی نیشتەجێ بوونیان لە کەمپەکان دەکەن. بەهمەن قوبادی ماوەی دوو مانگ ڕاهێنانی کاری سینەمایی بەو ٨ منداڵە کردوە . ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە، بە گشتی لە٨ بڕگە پێک دێ کە ماوەکەی زیاتر لە ٧٠ خولەکە. خۆشەویستیی شنگال، گەڕان بە دوای ڕاستییه‌کاندا، نان و ماست، فیلمی ئێمە باشترە، چاوەکانی باوکم، ئاسمان و دەرمان، لە ڕەوتی نیشتماندا و گەڕان لەکوێستانەکان، ناوی ئەو ٨ بەشەی فیلمه‌که‌یه‌.