کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر پێنج حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبه‌ش له‌ ئێران، حاڵەتێک هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

15:29 - 21 رێبەندان 2715

راوێژكاری حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌ڵێ سه‌دی ٥٥ی هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ژیانی هاوبه‌ش مادە هۆشبەرەكانن. جێگری "حەسەن رۆحانی" سەركۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان ئاشكرای كردوە، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەكان یەكێك لە گرنگترین دیاردە و خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی ئێرانە كە لە جیابوونەوەی خێزانیدا دەروەی سەرەكیی دەگێڕێ. "شەهیدوخت مەولاوێردی" جێگری حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان، ڕۆژی ڕابردوو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندوە: لە ئاستی ئێراندا سه‌دی ١٠ی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان لە ژنان پێكهاتووە و ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر جیابوونەوەی خێزانی هەبووە و ئامارەكان دەریانخستووە سه‌دی ٥٥ی هۆكارەكانی جیابوونەوەی خێزانی بۆ مادە هۆشبەرەكان دەگەڕیتەوە. "عەلی ئەكبەر مەحزوون" بەرپرسی گشتیی ده‌فته‌ری ئاماری زانیاریی ئێران بە ئاژانسی میهری راگەیاندوە "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە ئێران ٨٣ هەزار و ٢٧٧ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە كە ٧٤ هەزار و ٩٤٦ حاڵەتی لە شارەكان و ٨ هەزار و ٣٣٥ حاڵەتیش لە گوندەكان روویان داوە. بەپێی هەمان ئامار لە هەر ٥ حاڵەتی پێکهێنانی هاوبه‌ش لە ئێران، ١ حاڵەت جیابوونەوە تۆمار كراوە. ئه‌گه‌رچی ناوه‌نده‌کانی راگه‌یانده‌ ڕه‌سمییه‌کانی ئێران لە بڵاوكردنەوەی ئاماری راستەقینەی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان خۆ ده‌بوێرن و دەنووسن نزیكەی 2 ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس له‌ ئاستی ئێراندا تووشی ماده‌ی هۆشبه‌ر هاتوون ، بەڵام ناوه‌نده‌ ناده‌وڵه‌تی و سه‌ربه‌خۆکان باس لە تووشبوونی نزیكەی١٠ میلیۆن كەس لە ئێران دەكەن.