![](/files/ibrahimrahimpour.jpg)
ئیبراهیم ڕەحیم پوور، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئاسیا، ئەقیانووسیە، کە بە سەردانێک چۆبووه تورکیه لە وتووێژک لەگەڵ ڕۆژنامەی "حوڕیەت"و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەمەڕ ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دژایەتی ئێرانی لە بەرامبەر ئەو ڕاپرسییە ڕاگەیاندو گوتی: "ئێمه یەکپارچەیی خاکی عێراق دەپارێزین."
ئیبراهیم ڕەحیم پوور ههروهها رایگەیاند: ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەو ڕادەیە بەهێز نییە کە بەرگەی سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێ لەو چەشنە بگرێ. ئەو لە درێژەدا گوتی: هیوادارین کوردەکانی وڵاتانی ناوچە وەک کوردەکانی ئێران مافی هاووڵاتیی تەواویان هەبێ.
ئیبراهیم ڕەحیم پوور هەروەها باسی لە پاراستنی چوارچێوەی گشتیی وڵاتان کردو گوتی: "ئەگەر ئێمە پشتگیری لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانو تورکیە دەکەین، هەمان کاریش بۆ سووریەو عێراق دەکەین.
زۆربەی کاربەدەستانی ئێرانی بە ئاشکرا دژایەتیی سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان دەکەنو دەڵێن ئیزن بە کارێکی لەو شێوە نادەین.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا دژایەتیی خۆی لەگەڵ راپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس دەردەبڕێ، کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە حەفتەی رابردوو پێداگریی لەسەر بەڕێوەچوونی راپرسی کردەوەو بە مافی رەوای نەتەوەی کوردی وەسف کردو و پێداگریی کردەوە کە کورد نابێ چاوەڕوان بێ وڵاتانی دیکە مافی سەربەخۆیی پێبدەن.