سووسه‌ن باستانی، جێگری توێژینه‌وه ستراتژییه‌كانی جێگرایه‌تیی كاروباری ژنان له ناوه‌ندی سه‌ركۆماریی ئێران ده‌ڵێ سه‌دی ٨٠ ی ژنانی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ هیچ كار‌و شوغڵێكیان نییه و ته‌نیا به ئیش‌و كاری نێو ماڵه‌وه خه‌ریكن.
ماڵداربوونی سه‌دی ٨٠ ی ژنانی ئێرانی له حاڵێك دایه كه به‌پێی قسه‌كانی ئه‌م كاربه‌ده‌سته‌ی ڕێژیم، له ماوه‌ی ٢ ده‌یه‌ی ڕابردوودا ٢ میلیۆن خوێندكاری كچ‌و ژن له زانكۆكانی ئێران خوێندنیان ته‌واو كردووه‌و بڕوانامه‌ی خوێندنی به‌رزیان وه‌رگرتووه‌و ئێستاش سه‌دی ٤٩ی حه‌شیمه‌تی خوێندكارانی ئێران له ژنان پێك هاتوون.
باستانی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی ڕێژه‌ی بێكاریی ژنان تا ئاستی سه‌دی ٤٠ دیاری كراوه. ئه‌م ڕێژه‌یه له ساڵی ١٣٨٦ تا ١٣٩٠ نزیكه‌ی سه‌دی ٣٠ بووه‌و به‌شداریی كردنی ژنان له بواری ئابووری له به‌شی گشتیدا له ٢٠ ساڵی ڕابردوودا له كه‌می داوه‌و له سه‌دی ٣٩ ڕا بۆ سه‌دا ٢٧ دابه‌زیوه.
له بابه‌ت به‌شداری كردنی ژنان له مه‌یدانی سیاسیش‌دا، به قسه‌ی باستانی كه‌متر له سه‌دی ١٠ی ئه‌م ژنانه‌ی كه خۆیان بۆ نوێنه‌رایه‌تیی مه‌جلیس ناونووس ده‌که‌ن به‌و ئاسته كه وه‌ك نوێنه‌ر هه‌ڵبژێردرێن‌و زۆرترین ڕێژه‌ی گه‌یشتنی ژنان به مه‌جلیسی ئێران له مه‌جلیسی دووهه‌م به سه‌دی ١٤و له مه‌جلیسی چواره‌م به ئاستی سه‌دا ١١ بووه.
ساڵی ڕابردووش شه‌هیندۆخت مه‌ولاوێردی، جێگری سه‌ركۆمار بۆ كاروباری ژنان‌و بنه‌ماڵه‌دا، گوتبووی ئێران به‌ره‌و ژنانه بوونی سه‌رپه‌رستی خێزان، به‌ساڵاچوونی ژنان‌و هه‌روه‌ها به ژنانه بوونی هه‌ژاری هه‌نگاو ده‌نێ‌و پێویسته ئاوڕ له‌م دیارده‌یه بدرێته‌وه.
هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن ڕووحانی، سه‌ركۆماری ئێران، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٨ی ڕێبه‌ندان له كۆبوونه‌وه‌ی "ژنان، میانه‌ڕه‌وی و گه‌شه كردن"دا، ئاماژه‌ی به نه‌بوونی هاوسه‌نگیی گه‌شه‌كردنی ئاستی خوێنده‌واریی ژنانی ئێران و به‌شدار نه‌كردنی ئه‌وان له مه‌یدانی ئابووری و سیاسی‌دا كرد.
سه‌رکۆماری ئێران گوتی ئێمه بیری فمنیستیمان قه‌بووڵ نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دواکه‌وتووییش نین، به‌ڵام نه‌یگوت که ئه‌گه‌ر وانییه بۆچی سه‌دی ٨٠ ی ژنانیان له ماڵ په‌ستاوته‌وه.