کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ئێران لە دەرەوەی بازنه‌ی چالاكییەكانی بانكەكانی ئامریكادا دەمێنێتەوە

05:29 - 26 رێبەندان 2715

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زمان كاربەدەستانی بانكی‌و بەرپرسانی سیاسیی ئه‌مریکا دەڵێ ئەگەرچی گەمارۆ ئەتۆمییەكان هەوڵوەشاونەتەوە، بەڵام ئەم گەماریانەی كە پێوەندییان بە تێرۆریسم‌و مافەكانی مرۆڤەوە هەیە، ئێران هەروا لە دەرەوەی چوارچێوەی چالاكییە بانكییەكانی ئامریكادا ڕادەگرن. هه‌روه‌ها ئەم ئاستەنگانە كاریگەری لەسەر بانكە بیانییه‌ چالاكەکانی ئامریكاش دادەنێن. جۆن ئێسمیس، بەڕێوەبەری دەفتەری كۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەكان لە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریكا، لە كۆبوونەوەیەكدا که‌ لە كۆنگرەی ئەم وڵاتە گیرا، گوتی بە شێوەیەكی گشتی، گەمارۆ سه‌ره‌کییه‌کانی ئامریكا بەدژی ئێران، هەر لەسەر جێی خۆیان ماونەتەوە." زۆربەی ئەم گەمارۆیانەش كە ئێسمیس باسی كردوون پێوەندییان بە پشتیوانی كردنی كۆماری ئیسلامی لە تێرۆریسم و هەروەها پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە هەیە. لە هەمان حاڵدا واشینگتۆن هەروا درێژەی بەم گەمارۆیانە داوە كە پێوەندییان بە بەرنامەی مووشەكییەوە هەیە. هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا هەروەها باسی لەوە كردووە كە ئەم گەمارۆیانەی كە خراونەتە سەر زیاتر لە ٢٠٠ كەسایەتیی حەقیقی و حوقووقی هەروا لە جێی خۆیان ماونەتەوە، بەپێی ئەم گەمارۆیانی ماڵ و دارایی ئەم كەسانه‌ لە دەرەوەی وڵات بلوكە كراوەو زۆربەی ئەم كەسانە وەك ئەندامانی سپای پاسداران، لە چالاكیی ئابووریی ئێراندا دەورێكی گرینگیان هەیە. كاربەدەستێكی ڕەسمیی بانكی لە نیۆیۆرك كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە كە هەڵوەشانەوەی گەمارۆ ئەتۆمییەكان، هیچ كاریگەرییەك لەسەر ئامریكا دانانێ. بە قسەی ئەم كاربەدەستە بانكییە، جگە لە كۆمەڵە چالاكییەكی یەكجار سنووردار، دەستی ئێمە بۆ بازرگانی كردن لەگەڵ ئێران هەروا بەستراوە و ناتوانین وەكوو پێشوو مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕێژیمە بكەین. بەڵام ئەم ئاستەنگە بانكییانە تەنیا تایبەت بە بانكەكانی ئامریكا نین، بەڵكوو چالاكی كردنی بانكە بیانییەكانی دیكەش لەم وڵاتەدا دەگرنەوە، چونكی ئەم بانكانەش توانای ئەوەیان نابێ بە مەبەستی بازرگانی كردن لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی سیستمی بانكیی ئامریكاوە، دۆلار بۆ ئێران بگوازنەوە.