کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوود ئۆغڵوو: توركیە لە بۆمبارانکردنی هێزە كوردییەكانی سووریە بەردەوام دەبێ

06:41 - 27 رێبەندان 2715

سەرۆك وەزیری توركیە ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی ڕێگە نادا شاری ئێعزاز كە لە نزیك سنووری نێوان توركیەو سووریە هەڵكەوتووە، بكەوێتە بەر دەستی هێزە كوردییەكان. لە حاڵێكدا كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تۆپخانەكانی ئەرتەشی سووریە بێ پسانەوە پەلاماری بنكەو بارەگاكانی هێزەكانی "یەكینەكانی پاراستنی گەل"یان لە شاری ئێعزاز داوە، ئەحمەد داوود ئۆغڵوو ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی نایه‌ڵی ئەم شارە بكەوێتە بەر دەستی هێزە كوردییەكان. لە هەمان كاتدا چاوەدێرانی مافەكانی مرۆڤ لە سووریە ڕایانگەیاندووە كە سەرەڕای بۆمبارانی چەند ڕۆژەی بنكە و بارەگاكانی هێزە كوردییەكانی سووریە لە لایەن تۆپخانەكانی توركیەوە، بەڵام ئەم هێزانە ڕۆژی دووشەممە لە دەوروبەری باكووری شاری حەلەب نزیك بوونەتەوە و پێشكەوتنیان وەدەست هێناوە. هێرشی توركیە بۆسەر هێزە كوردییەكانی سووریە لە بارودۆخێك دایە كە ساڵی ڕابردوو ئەم وڵاتە بەهۆی پشتیوانی نەكردن لە هێزە كوردییەكان كە لە بەرامبەر هێرشەكانی داعشدا بەرگرییان لە شاری كۆبانێ دەكرد، كەوتە بەر لۆمەو سەرزنشتی زۆر لە لایەنەكان. لە لایەكی دیكەوە ئامریكا و فەرانسە داوایان لە توركیە كردووە كە پەلامارەكانی خۆی ڕابگرێ. ئامریكا داوای لە هێزە كوردییەكانی سووریەش كردووە پەرە بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نەدەن.