کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران نەوتی خۆی بە نرخێكی هەرزانتر لە عەرەبستان دەفرۆشێ

06:45 - 27 رێبەندان 2715

لە حاڵێكدا كە یەكەمین باری نەوتی خاوی ئێران پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان بەڕێی ئورووپا كرا، هەواڵدەریی ڕووسیی ئێسپونتیك نووسیویەتی ئێران زیاتر لە نەوتی عەرەبستان نرخی نەوتی خۆی دادەشكێنێ. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە، ئەوە یەكەم جارە كە ئێران لە نەوتی به‌ هەرزانتر له‌ عەرەبستان نەوتی خۆی دەفرۆشێ. ئەم نەوتهەڵگرە كە 1 میلیۆن بۆشكە نەوتی خاوی ئێرانی پێیەو بۆ شیركەتی فەرانسەویی تۆتالی دەگوازێتەوە لە ڕێگەی جەزیرەی خاركەوە وەڕێ كەوتووە. ٢ نەوتهەڵگری دیكەش كە كار بۆ شیركەتێکی چینی‌و ئیسپانیایی دەكەن لە ئێستادا ئامادەی وەڕێ كەوتنن. چەند ڕۆژ لەمەوبەر كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو كە نیزیک به‌ ٤ میلیۆن بۆشكە نەوتی خاویان بار کردوه‌و  لەم ٤ میلیۆن بۆشكەیەش ٢ میلیۆنی بە تۆتاڵی فەرانسە فرۆشراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران بۆ یەكەمین جار، نرخی هەر بۆشكە نەوتی خاوی خۆی ١ دۆلار و٢٥ سێنت هەرزانتر لە عەرەبستانی سعوودی بە وڵاتانی ئورووپایی دەفرۆشێ. هەروەها ئێران پێشنیاری بە كڕیارانی نەوتی خۆی لە ئاسیا كردووە كە نەوتەكەی بە داشكاندنی ٢ دۆلار و ٦٠ سێنت بە ئەوان دەفرۆشێ، لە حاڵێكدا كە عەرەبستان تەنیا ٢ دۆلار و٤٠ سێنتی داشكاندنی بۆ نرخی نەوتی خۆی قەبووڵ كردووە. شایانی باسە لە ئێستادا، نرخی هەر بۆشكە نەوتی برێنتی باكوور نزیكەی ٣٣ دۆلاره‌.