کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: ئێران بۆخۆی دەزانێ دەبێ چ بکاو هیچ پێویست بە نێوبژیوان ناكا

13:52 - 28 رێبەندان 2715

عادڵ ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان وێڕای پێداگری لەسەر هەڵوێستی پێشووی پاشای سعوودی لە بەرامبەر پێوەندی گرتنەوەی نێوان ڕیاز و تاران گوتی: هیچ پێویست بە نێوبژیوانی ناكا، چونكی كۆماری ئیسلامی باش دەزانێ بۆ باشتر كردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێمە دەبێ چی بكا. ئەلجوبەیر هەروەها گوتی: دەبێ ئێران كۆتایی بە سیاسەتی دوژمنكارانەی خۆی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی بێنێ. تا ئێستا چەندین جار دەوڵەتی ڕیاز بە بۆنەی جۆراوجۆر ِایگەیاندووە كە هیچ پێویست ناكا لایەنەكان بیانهەوێ نێوبژیوانیی ئێران و عەرەبستان بكەن، چونكە تاران باش دەزانێ كە بۆ ئاسایی کرنەوەی پێوەندییە گەرم و گوڕەكان لەگەڵ دراوسێكانی خۆی دەبێ چ سیاسەتێك بگرێتە بەر. ئەلجوبەیر هەروەها گوتی: دەستێوەرنەدان لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی و ڕاگرتنی یارمەتییە ماڵی نیزامییەكان بۆ شێوەنیزامییانی تاقمگەرا لە ناوچەدا یەكێك لە گرینگترین هەنگاوەكانە كە پێویستە كۆماری ئیسلامی بۆ باش كردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ هەڵی بێنێتەوە. شایانی باسە كە بەدوای پەلامار بۆ سەر كونسولگەری و باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و مەشهەد، كێشەو ناكۆكیی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عەرەبستان قووڵتر بۆوە. شوێنەوارە خراپەكانی ئەم كێشانە نەك هەر كاریگەری لەسەر گرفتە ناوچەییەكان داناوە، بەڵكوو تەنانەت سێبەریان خستۆتە سەر باس و خواسە نێودەوڵەتییەكانیش. لە كاتی سەرهەڵدانی ئەم كێشانە وڵاتانێكی وەك عێراق، پاكستان و ڕووسیە پێشنیارییان كردووە كە بۆ چارەسەری ئەم گرفتانە و باش بوونی پێوەندیی نێوان تاران و ڕیاز نێوبژیوانی بكەن. هەروەها ئامریكا و توركیەش خوازیاری كۆتایی هێنانی ئەم دوو وڵاتە بە نێوان ناخۆشییەكانیان بوون.