کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێككەوتنی ٤ وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر سەقامگیرکردنی نرخی بازاڕ

14:00 - 28 رێبەندان 2715

عەرەبستان و ڕووسیە کە بە گەورترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی جیهان دادەنرێن وێڕای ڤێنزۆئێلا و قەتەر لە كۆبوونەوەیەكدا لە دوحە لە سەر ئەوە ڕێك كەوتن كە ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت لە ڕێژەی مانگی ژانویەی خۆیان زیاتر نەكەن. وەزیری وزەی قەتەر پشتڕاستی كردۆتەوە كە ٤ وڵاتی عەرەبستان، قەتەر، ڤێنزۆئێلا و ڕووسیە بۆ سەقامگیر كردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەم ڕێككەوتنە گەیشتوون، بەم هیوایە كە باقی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیش پێشوازی لێ بکەن و پشتیان بگرن؛ بەڵام ئێران دەڵێ پشکی خۆی لە بازاڕدا دەوێ و ئامادە نییە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی کەم بکاتەوە. وەزیری نەوتی عەرڕەبستانیش پێداگری كردووە، ئێمە خوازیاری هەڵكشان و داكشانی زۆری نرخی نەوت نین و نامانهەوێ مەیدانی نەوت بەرتەسكتر بكەینەوە. ئامانجی ئێمە وڵامدانەوەی داوا و سەقامگیر كردنی هاوكاتی نرخی ئەم بەرهەمەیە. هەرچەند وەزیری نەوتی عەرەبستان ئیدیعای كردوە كە دابەزینی نرخی نەوت هیچ كێشەیەكی بۆ ئەم وڵاتە نەخوڵقاندووە، بەڵام هەر بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، دەوڵەتی عەرەبستان بەجۆرێك لەگەڵ كەمیی بوودجە بەرەوڕوو بۆوە كە پێشتر هەر وێنەی نەبووە. وەزیری نەوتی قەتەر كۆبوونەوەی چوارقۆڵیی دوحەی بە كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوو ناوبردوەو دەڵێ دابەزینی نرخی نەوت بە زیانی سەرمایەدانان لە پیشەسازیی نەوت دایە. ناوبراو بە نیسبەت دابەزینی لە ڕادەبەدەری سەرمایەدانان لە پیشەسازییەكانی نەوتدا لایەنەكانی وریا كردەوەو گوتی لە ئەنجامی ئەم دابەزینەدا، بارستایی دەروەست بوون بە بەرزبوونەوەی ئاستی داواكارییەكان لە داهاتوودا كەمتر دەبێتەوە. لە هاوینی ڕابردووڕا تا ئێستا نرخی نەوت بەهۆی بە خاوی چوونە پێشی ئاستی گەشەی ئابووریی جیهانی بە تایبەت ئابووریی وڵاتانی چین و ئامریكاو زێدەبایی لە ڕادەبەدەر، بازاڕی نەوت تا ئاستی سەدی ٧٠ لە كزی داوە.