کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەشەکانی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئێران دەستی پێکرد

15:39 - 29 رێبەندان 2715

بانگەشەکانی هەڵبژاردنی کاندیداکان بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی مەجلیسی ئێران لە پێنجشەممە ٢٩ ی ڕێبەندانەوە دەستی پێکرد. کاندیدان حەوتوویەکیان کات لەبەر دەستەو بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ ی ڕەشەممەو ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان دەبێ بانگەشەکانی خۆیان بوەستێنن. هەڵبژاردنەکانی دەوری دەیەمی مەجلیس ڕۆژی هەینی، ٧ ی ڕەشەممە لە ٢٠٧ حەوزەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێ و ٦٢٣٠ کاندید ڕکەبەریی یەکتر دەکەن. هاوکات لە هەمان ڕۆژدا هەڵبژاردنەکانی دەوری پێنجەمی خوبرەگانی رێبەریی ڕێژیمیش بەڕێوە دەچێ. بۆ ئەم دەورەیەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس زیاتر لە ١٢ هەزار کەس ناونووسییان کرد بەڵام وەک وتەبێژی هەیئەتی چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکان سەر بە شوڕای نیگابان باسی دەکا، تەنیا سەڵاحییەتی ٦٢٣٠ کەس لەوان پشتڕاست کرایەوە. هەروەها ٦١٢ کەسیش لەوانەی ناونووسییان کردبوو، لە ڕکەبەرییەکان کشانەوەو زیاتر لە ٥ هەزار کەسیش سەڵاحییەتیان ڕەت کرایەوە. سەرۆکی ستادی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێ بۆ ئەم هەڵبژاردنانە ٥٤ میلیون و ٩١٥ هەزار و ٢٤ کەس دەتوانن دەنگ بدەن.