کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە ڕەسمی ناسینی ئیسراییل، پێش مەرجی مێركێل بۆ پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ ئێران

06:34 - 2 رەشەمه 2715

ئاڵمان ڕایگەیاندووە تا ئەم كاتەی كە كۆماری ئیسلامی بوونی دەوڵەتی ئیسراییل بە ڕەسمی نەناسێ، پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران ئاسایی ناكا. ئانگێلا مێركێل، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتای ئیسراییلیی خۆی بنیامین نەتەنیاهوو، كە لە بێرلین بەڕێوەچوو، گوتی: ئێمە لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵی ئاڵمانەوە كە لە هەموو حیزبەكانی بەرە پێك هاتووە، ئەم مەسەلەمان بۆ كۆماری ئیسلامی ڕوون كردۆتەوە كە تا ئەم كاتەی مافی بوونی ئیسراییل بە ڕەسمی نەناسێ، هیچ پێوەندییەكی ئاسایی و دۆستانە لە نێوان ئێران و ئاڵمان‌دا نابێ. مێركێل پێداگری كردەوە كە لە هەموو وتووێژەكانی نێوان كاربەدەستانی ئاڵمان و كۆماری ئیسلامیدا ئەم مەسەلە پشتڕاست كراوەتەوە. سەدری ئەعزەمی ئاڵمان گوتی پێوەندییەكانی ئێستای نێوان وڵاتەكەی و ئێران لە ڕادەی وتووێژ كردن دایە، بە قسەی ناوبراو لە نێوان پێوەندیی دۆستانە و وتووێژ كردندا جیاوازییەكی زۆر هەیە. مێركێل هەروەها گوتی بارودۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ڕێگە نادا لە پێناو پێكهێنانی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستیندا هەنگاوی گرینگ هەڵێننەوە، هەر بۆیە دەبێ بۆ پارێزگاری كردن لە بە ئەنجام گەیاندنی ڕێگەچارەی دوو دەوڵەت لە داهاتوودا، بە شوێن هەوڵی بچووكتر دابن.