کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە ساڵانە بڕی ١٢ میلیارد دۆلار زیان لە ئابووریی ئێران ده‌درێ

06:37 - 2 رەشەمه 2715

كومیتەی سەربەخۆی بەربه‌ره‌کانی لەگەڵ مادەی هۆشبەر دەڵێ بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر لانیكەم بڕی ١٢ میلیارد دۆلار زیانی لە ئابووریی ئێران داوە. سەرۆكی ئەم كومیتەیە گوتی كە ماوه‌ی ٨ ساڵ سەرۆك کۆماریی ئەحمەدی نژاد خراپترین سەردەم لە بواری بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەردا بوو. عەلی هاشمی، سەرۆكی كومیتەی سەربەخۆی بەربه‌ره‌کانی لەگەڵ مادەی هۆشبەر لە كۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەكانی نیزام ڕایگەیاند كە ڕۆژانە ١١٠ میلیارد تمەن بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان خەرج دەكرێ. ئەم كاربەدەستەی كۆماری ئیسلامی لە كۆبوونەوەی "سیاسەتی جێگرەوەی مادەی هۆشبەر" لە بنیاتی توێژینەوەكانی زانستی سزا و تاوانناسی‌دا گوتی، لە ساڵی ١٣٨٣ ئاكامی لێكۆڵینەوە لە ئێراندا ئەمەی ده‌رخستبوو كە بازرگانی كردن بە مادەی هۆشبەر لانیكەم له‌ ساڵدا ١٢ میلیارد دۆلار زیان لە ئابووریی ئەم وڵاتە ده‌داو ساڵانە ٤٥ هەزار میلیارد تمەن لە ئابووریی ئێران بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە تێدا ده‌چێ. هاشمی وێڕای پێداگری كردن لەوەی كە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران تا ئێستا تەنانەت یەك لە سەد زیان لە مافیای مادەی هۆشبەر نەكەوتووە، گوتی که‌ بەكارهێنان و كڕین و فرۆشتنی ئەم مادەیە لە ئێراندا لایەنگری زیاتری هەبووە. ئەم كاربەدەستە وێڕای دانە بەر ڕەخنەی دەوڵەتی ئەحمەدینژاد گوتی: كاتێك كە ئەحمەدینژاد دەوڵەتی وەرگرت، ڕێژەی تووشبووان بە مادەی هۆشبەری سەنعەتی نەدەگەیشتە ٧ هەزار كەس، بەڵام بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان لە كۆتایی دەوڵەتی ناوبراودا و كاتێك كە ڕووحانی دەوڵەتی دەسەڵاتی بە گرته‌ دەست ئاماری ئەم كەسانە هەر نەبێ گەیشتبووە ٤٥٠ هەزار كەس. بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان تەمەنی ئیعتیاد لە ئێران بۆ ژێر ١٥ ساڵ دابەزیوەو ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی ئێدزیش لە نێو ئەم كەسانەدا ڕوو لە زیاد بوونە. ستادی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٣ ڕایگەیاند گە لە نێوان ٣٠ تا ٣٥ لە سەدی كرێكارانی ناوەندە سەنعەتییەكان و كارگە بەرهەم هێنەرەكانی ئێران گیرۆدەی مادە هۆشبەرەكان بوون.