کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان: ئەگەر ئامریكا پشتیوانی لە كوردەكانی سووریە بكا، پایەگای ئینجرلیك دادەخەین

06:39 - 2 رەشەمه 2715

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیە هەڕەشەی له‌ ئه‌مریکا کردوه‌و ده‌ڵێ ئەگەر ئامریكا "یەكینه‌کانی پاراستنی گه‌ل " لە سووریە بە "تیرۆریست" نەزانێ‌و، لە پشتیوانی كردنی ئەم گرووپە بەردەوام بێ، ئانكارا لەوانەیە پایەگای ئاسمانیی ئینجرلیك لە ئەرتەشی ئامریكا دابخا. ڕەخنەی توندی سەرۆك كۆماری توركیە لە ئامریكا و ڕۆژاوا، ده‌ری ده‌خا که‌ جیاوازیی بیروڕا لە نێوان توركیەو ناتۆ له‌ قەیرانی سووریەدا زۆر و دیاره‌. بەپێی ڕاپۆرتی تلویزیۆنی ئەلعەرەبیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێوەندییەكی تەلەفوونیدا باراك ئۆباماری سەركۆماری ئامریكای وریا كردەوە كە ئەگەر ئامریكاو ڕۆژاوا لە پشتیوانی كردنی هێزە كوردییەكانی سووریە بەردەوام بن پایەگای نیزامیی ئینجرلیك بەڕووی نیزامییه‌کانی ئامریكادا دادەخەن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئۆباماش لەم پێوەندییە تەلەفوونییەدا بە مافی ئانكارای زانیوه‌ كە نیگەران بن و هەروەها پێداگریی كردەوە كە پێشڕەویی ئەم دواییانەی هێزە كوردییەكان لە سنووری توركیە تا ڕادەیەک جێی نیگەرانییە. ئۆباما هەروەها دەڵێ هێزە كوردییەكان نابێ لەم بۆشاییەی دەسەڵاتدا ناوچەی زیاتر بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌. هەر لەم پێوەندییەدا شەرەف مالكوچ، ڕاوێژكاری باڵای ئەردۆغانیش ڕۆژی ڕابردوو گوتی ئامریكا حیزبی یەكیەتیی دێموكراتیكی كوردەكانی سووریە بە تیرۆریست نازانێ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە چالاكیی ئەوان ده‌کا، ئه‌وه‌ش به‌ ئێمه‌ قه‌بووڵ ناکڕێ.