کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرجەم پیاوەكانی گوندێك لە سیستان‌و بەلووچستان ئێعدام كراون

04:59 - 6 رەشەمه 2715

شەهیندۆخت مەولاوێردی، جێگری سەركۆمار بۆ كاروباری ژنان‌و بنەماڵە، وێڕای دانە بەر ڕەخنەی لابردنی قانوونه‌کانی داکۆکی له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئێعدامکراوان لە بەرنامەی پێنجەمی گەشەدا گوتی لە سیستان و بەلووچستان گوندی وا هەیە كە هه‌ر هه‌موو پیاوەكانی ئێعدام كراون. جێگری سەركۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان‌و بنەماڵە گوتی: زۆر حاڵەتی وا هەیە كە پیاوی ماڵێ لەسەر مادەی هۆشبەر یان تاوانێكی دیكەی لەم چەشنە كەوتۆتە زیندان‌و دەوڵەت دەستی بەسەر هه‌موو ماڵ‌و داراییەكەی داگرتووە، لە حاڵێكدا كە ڕەنگە خانوویه‌کی بچووك تەنیا سەرپەنای ژن‌و مناڵەكانی بێ. ئه‌و ده‌پرسێ ئایا قانوون لە بەرامبەر ئەم ژن‌و ٣ منداڵەدا كە تەنیا سەرپەناو شوێنی حاوانەوەیان لێ زەوت كراوە چ ئەركێكی هەیەو ئەركی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان چین؟ ناوبراو لە درێژەدا گوتی:" لە حاڵی حازردا ١٧ دەزگاو ناوەند لە بواری كەمكردنەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان ئەركدار كراون‌و بوودجەیان بۆ دیاری كراوە، بەلام پرسیار ئەوەیە كە قورسایی ئەم دام‌ودەزگایانە لە كەمكردنەوەی ئاستی زیانە كۆمەڵایەتییەكانی تاوان كە بەسەر ناوەندی بنەماڵەكان‌دا دەسەپێ، چه‌نده‌یه‌؟ بنەماڵەیەك كە تاقە یەك خانوویان هەیەو ئەویشیان لێ دەستێنن، ئایا هیچ گرینگی بەوە دەدەن كە ژنێك بە 3 منداڵەوە پەنا بۆ كوێ ببا؟ وڵامی ئەم پرسیارەش بە هیچ شێوەیەك بە لای ده‌وڵه‌ت‌و ناوه‌نده‌ قه‌زایی‌و ده‌زگاکانی دیکه‌ی حکومه‌ته‌وه‌ گرینگ نییە." مەولاوێردی گوتی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان گوندێك هەیە كە سەرجەم پیاوەكانی ئەم گوندە ئێعدام كراون. ئێستاش هەموو كوڕەكانی ئەوان ده‌کرێ له‌ داهاتوودا ببنه‌ قاچاغچی، هەم بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بیانەوێ تۆڵەی باوكەكانیان بستێننەوەو هەم له‌ پێناو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەكانیان، به‌ڵام ئاخۆ ناکرێ پێش به‌و کاره‌ساته‌ بگیرێ؟ جێگری سەركۆماری ئێران هەروەها دەڵێ لە بەرنامەی پێنجەمی گەشەدا مەسەلەی "پشتگیری كردن لە بنەماڵەی ئێعدام كراوەكان" بە تەواوی وه‌لانرا، بەڵام لە دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی‌دا ئەم مەسەلەیە بۆ جارێكی دیكە لە بەرنامەی شەشەم‌دا گونجێندرایەوە. شایانی باسه‌ سیستان و بەلووچستان یەكێك لە بەربڵاوترین‌و هەژارترین پارێزگاكانی ئێرانەو، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥، لە حەشیمەتی ٢ میلیۆن و ٣٥٠ هەزار كەسیی ئەم پارێزگایە، زیاتر لە ٦٤٠ هەزار كەسیان نەخوێندەوارن.