کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران خراپتر بووە

05:07 - 6 رەشەمه 2715

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی ڕابردوو ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان‌دا بڵاوكردەوە. لەبارەی ئێران، رێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی ڕایگەیاند كە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران خراپتر بووەو حكومەت هەروەها بە توندی درێژە بە بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان، زیندانیكردنی چالاكانی سیاسی، ئەشكەنجەو هەڵسوكەوتی نامرۆڤانە له‌گه‌ڵ جیابیراب، پەڕاندنی ئەندامانی لەش، لێدانی قامچی لەبەر چاوی خەڵك‌و؛ هەروەها ئێعدامكردن بە تایبەت له‌داردانی مێرمنداڵان لە پێش چاوی خەڵك دەدا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی هەروا درێژە به‌ پێكهێنانی لەمپەری زۆر لەبەردەم ئازادیی ڕادەربڕین دەدەن. لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوون‌و چڕبوونەوەی بەربەستەكان بەدژی ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، نووسەران‌و چالاكانی دیكەی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كردوەو ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی ڕێژیمی ئێران گرتوە. لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێ، كاربەدەستانی ئێران لە پێدانی یارمەتییە پزیشكی‌و دەرمانییەكانیش بە زیندانیان خۆ دەبوێرن. ئەم ڕێكخراوە ڕایگەیاندووە بارودۆخی بێهداشت لە نێو زیندانەكانی ئێران یەكجار نالەبارە، بە تایبەت ئەم زیندانانەی كە بە ڕێژەیەكی زۆریان زیندانی تێ‌خزاندووە، وەك: دیزڵ ئابادی كرماشان، قەرچەكی وەرامین، عادڵ ئابادی شیرازو وەكیل ئابادی مەشهەدو، بە توندی ڕەخنەی لەم بارودۆخە گرتووە. لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها ڕایگەیاندووە كە ئێعدامەكان لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ش بە شێوەیەكی بەربڵاو درێژەی بوه‌و لە چەندین حاڵەتدا تەنانەت مێرمنداڵانیش ئێعدام كراون.