کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی رادیۆی "رێگای ئاوریشم" لەگەڵ خوسرەو قادری، ئەندامی کۆمیتەی نۆرویژ سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی ٧ی رەشەمەی ئێران

17:23 - 6 رەشەمه 2715

رۆژی یەکشەممە ٢١/٠٢/٢٠١٦ رادیو" رێگای ئاوریشم" ـ کە لە ئۆسڵۆ پێتەختی وڵاتی نۆرویژ بڵاودەبێتەوە ـ وتووێژێکی لەگەڵ خوسرەو قادری، ئەندامی کۆمیتەو بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ پێک‌هێنا. لەو وتووێژەدا خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی حیزب لە مەڕ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرەگان‌و مەجلیسی شورای ئیسلامی لە ئێران کرا کە سبەی هەینی، ٧ی رەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرێوەدەچن. بەڕێوەبەری ئەو بەرنامەیە باسی لە قسەکانی خامنەیی، رێبەری نیزام کرد کە داوای کردبوو " موخالیفانیش بێن دەنگ بدەن‌"و لەو بارەیەوە ڕای بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژی پرسی. خوسرەو قادری لە وڵامدا سەرەتا باسێکی لە سەر دۆخی ئەوکاتی ئێران کە وتووێژ دەگەڵ دونیای دەرەوەی ئێران واتا مەسەلەی ناوکی ئێران لەگەڵ وڵاتانی" پێنج کۆ یەک" لە ئارادا بوون کردو گوتی: خامنەیی بەو قسانەو بەو جۆرە دەیویست بە نێوخۆو دەرەوەی ئێران بڵێ ئەوە کرانەوەیەک لە نێو ئێران دا هەیە و زۆرتر دیارە رووی قسەی خامنەیی دەگەڵ ئیسلاحتەڵەبەکانی نێوخۆ و جوڵانەوەی سەوز بوو کە بێن بەشداری بکەن. بەڵام هەرکات دەگەڵ وڵاتانی ٥+١ بە ئاکام گەیشتن و لە لایەکی دیکە دەگەڵ رێژەیەکی بەربڵاوی خەڵک بۆ کاندیداتۆری مەجلیس بەرەورووبوون، خامەنەیی و دارودەستەکی نیگەرانی‌و ترس و دڵەراوکێ دایگرتن و ئەوجار قسەکەی خۆی وەرگرتەوەو گوتی : ئەمن کوتوومە موخالفین بێن دەنگ بدەن، نەمگوتووە بێنە نێو مەجلیس! لە بەشێکی دیکە وتووێژەکەدا پرسیار لە سەر هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان کراو باس لەوەکرا کە ئایا ئەو هەڵوێستەی حیزب لە جێ دایە؟ خوسرەو قادری لەو بەشەدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەی خۆیدا خەڵکی سەرپشک کردووە لە نێوان بەشداری هەڵبژرادن‌و تەحریم کردن دا. هەروەها داوای کردووە کە لەو شوێنانە کە پێیان وایە کاندیدێک کە دەزانن سەر بە رێژیمە،م بایکۆتی بکەن‌و لە شوێنێک دا کە دەزانن کاندیدێکی خۆشناو و خەڵکی لێیە، دەنگگ بدەن بە ئەو. هەروەها لەو شوێنانەی کە کورد و پێکهاتەیەکی دیکەی وەک تورک دەگەل کورد دەژین، زۆر گرینگە کە دەنگ بە کاندیدایەکی شیاوی کورد بنێرە مەجلیس چونکی رێژیم دەیهەوێ بە دێموگرافی ئەو شوێنانە وەک ورمی، نەغەدە و شنۆ بگۆرێ؛ بۆیە پێویستە کورد لەو شوێنانە هەوڵ بدا ئەو پیلانەی رێژیم پووچەڵ بکەنەوە. هەروەها بەرپرسی پیوەندییەکانی حیزب لە نۆروێژ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاستە رێژیمی کۆماری ئیسلامی رێژیمێکی دیکتاتۆر و سەرەرۆیە، بەڵام دەبێ ئێمە لە چوکترین دەرفەتەکان کەڵک وەرگرین بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ویست و داخوازییەکانی خۆیان بگەیەننە گوێی رێژیم. خوسرەو قادری لە درێژەدا گوتی: هەڵوێستی بەشداریکردن لە هەڵبژرادنەکان، ئەوە یەکەم جار نییە، بەڵکو ئەگەر بگەرێینەوە بۆ دواوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم دەورەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرەگان، دوکتور قاسملوویی وەک کاندیدی خۆی لە پارێزگای ورمێ دەستنیشان کرد و یەکەم دەنگی هێناوە. هەروەها لە دەوری شەشەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی، حیزبی دێموکرات داوایەکی لەو چەشنەی لە خەڵک کردو بەخۆشییەوە کەسانی باش چوونە مەجلیس و توانیان فراکسیۆنی نوێنەرەکانی کورد لە مەجلیس پێکبێنن. لە سەر پرس و رای خەڵک سەبارەت بە کاندیداکان و هەڵوێستی حیزب، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ پێی وابوو کە بە خۆشییەوە خەڵکی کوردستان ئەورۆ لە ئاستێکی باش خۆیان پێگەیاندووە، بە تایبەتی چینی لاو و خوێندەوار. هەروەها خەڵک دەتوانن دەگەڵ چالاکانی مەدەنی و نوخبەکانی خۆیان پرس وراوێژ بکەن و یەکدەنگ بن بۆ هەڵبژاردنی کەسێکی شیاو و هەروەها خەڵک نابێ دوایی هەڵبژرادن کەمترخەم بن، دەبێ زیاتر لە جاران داواکانیان لە نوێنەرەکانیان بێنە گۆرێ و داوای ویست و داخوازەکانیان بکەن.