کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی ح د ک بە بۆنەی شەهید کرانی هاوڕێ مەحموود محەممەدی ناسراو بە مەحموود خاس

00:06 - 10 رەشەمه 2715

بە داخێکی گرانەوە شەوی ٧ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٢٦ی فێوریەی ٢٠١٦ی زایینی، تەرمی شەهیدی فەرماندەی قارەمان و تێکۆشەری دێرینی ناو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ مەحموود محەممەدی ناوسراو بە مەحموود خاس، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کریستیانساند-ی وڵاتی نۆروێژ دۆزرایەوە. بکەر یان بکەرانی ئەم تاوانە ناجوامێرانەیە هێشتا بۆ ئێمە روون نییەو دۆسیەی تاوانەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دەزگای دادوەریی وڵاتی نۆروێژ دایە. شەهید مەحموود محەممەدی ناسراو بە مەحموود خاس لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە گوندی گرژاڵی سەر بە شاری سەردەشت بوو. ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی هێشتا تازە لاو بوو کە پێوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە گرت و تێکۆشانی سیاسی - نەتەوەیی خۆی دەست پێ کرد. هەر لەو دەسپێکەش دا وەک هاوکار و پشتیوانێکی قایمی تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە بە تایبەت بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ١٣٤٦ - ٤٧ی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوت. لە کاتی سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە ڕژیمی پاشایەتی، کاک مەحموود خاس هەموو کات لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان دا بوو. دوای دەسپتپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان، تێکۆشانی ئاشکرا و پێشمەرگانەی لە ریزەکانی ئەم حیزبەدا دەست پێ کرد. وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بە ورە لە ناو هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ناسراو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک بڕی. سەرەنجام بوو بە یەکێک لە فەرماندە ناودارەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌و حیزبی دیموکراتی کوردستان. مەحموود خاس سیمای ناسراو و خۆشناوی ناوچەکانی سەردەشت و رەبەت بوو. ئازایەتی و لەخۆبوردویی ئەو بە درێژایی ساڵانی شەڕی چەکداری و بەربەرکانێ دژ بە هیزە داگیرکەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، وێردی سەر زاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. ناوی ئەو هیوا و هۆمیدی چەساوەکانی ئەو ناوچانە بوو. بە جۆرێک کە جەستەی دوژمن بە بیستنی ناوی ئەو ڕۆڵە قارەمانە، دەکەوتە لەرزە. ساڵی ١٩٩٨ی ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی نۆروێژ گیرسایەوە. بەڵام دوای ئەوەی کە لە دەرەوەی وڵاتیش نیشتەجێ بوو، شەهید مەحموود خاس هەروا دڵسۆزانە لە خزمەت حیزب و نەتەوەکەی دا مایەوە. ئەو بۆ سەرکەوتنی حیزبەکەی و بەرەوپێش بردنی رەوتی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هیچ کار و هاوکاریەک درێغی نەکرد. کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی ولات خەم و پەژارەی خۆی بۆ لە دەستچوونی هاوڕێ مەحموود محەممەدی ناسراو بە مەحموود خاس دەردەبڕێ و بەم بۆنە دڵتەزێنەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی، لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و سەرجەم خەڵکی ناوچەکانی رەبەت و سەردەشت دەکا. یادی نەمر مەحموود خاس و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەمان بەرز و بەڕێز رادەگرین. کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی ٢٧ی فورییەی ٢٠١٦ی زایینی