کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەركرانی ١٧ هەزار دز لە تاران به‌ر له‌ نەورۆزدا

06:28 - 10 رەشەمه 2715

دادستانی گشتی‌و ئینقلابی تاران گوتی نزیك بە ١٧ هەزار دز تا كۆتایی ئەمساڵ‌و تا چه‌ند ڕۆژ پێش نەورۆز دەسبەسەر دەكرێن. عەبباسی جەعفەری دەوڵەت ئابادی، دادستانی تاران داوای لە هێزی پۆلیسی ئەم شارە كردوە كە تا كۆتایی ئەمساڵ‌و بەر لە گەیشتنی نەورۆزو سەری ساڵی نوێ، سەرجەم ئەم ١٧ هەزار كەسەی كە پێشتر لەسەر دزی كردن حوكم دراون‌و ڕابردووی دزی‌یان هه‌یه‌ دەستبەسەریان بكەن. بەپێی دوایین ئامارەكان له‌ ئاستی ئێران‌دا تاران لە پلەی یەكەمی ڕوودانی جۆرەكانی دزی كردن‌دا جێی گرتووە و پاش تارانیش، پارێزگاكانی فارس، لۆرستان، ورمێ و كرماشان لەم پلەبەندییەدا به‌ڕیز ناویان دێ. ڕێكخراوی ڕاپرسیی "گالووپ"یش ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی خۆی لە بارەی ڕێژەی دزی‌كردن لە وڵاتە جۆراوجۆرەكانی جیهان بڵاو كردۆتەوەو، بە پێی ئەم ڕاپرسییە ئێران لە پەنا ١٠ وڵاتی ئافریقایی‌دا، لە ڕیزی سەرەوەی ئەم وڵاتانەدا جێی گرتووە كە زۆرترین حاڵه‌تی دزی كردنیان لێ تۆمار دەكرێ.