کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە كرێگرتنی منداڵان بۆ سواڵ بە١٥ هەزار تمەن لە ڕۆژێكدا

14:36 - 11 رەشەمه 2715

فەرەحناز ئەرفەع، سەرۆكی ڕێكخراوی یارمەتیدەرانی مانگی سوور ڕایگەیاند لە ئێران منداڵان بە مەبەستی سواڵ كردن بە ١٥ هەزار تمەن لە ڕۆژدا بە كرێ دەدرێن‌و نرخی فرۆشتنی ئەوانیش بە 2 میلیۆن تمەنە. سەرۆكی ڕێكخراوی یارمەتیدەرانی مانگی سوور گوتی: ڕووخسارو جەستەی كۆمەڵێك لەم منداڵانە بەهۆی موعتاد بوونی دایكەكانیان سووتاوە. پێشتریش سیاوەش شەهریوەر، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیی پارێزگاریی تاران بە پشتڕاست كردنەوەی هەواڵی فرۆشرانی كۆمەڵێك لەم كۆرپانەی كە تازە لە دایك دەبن، گوتبووی: هێندێك لە ژنانی موعتاد یان لەشفرۆش كە دووگیان دەبن پاش ئەوەی كە منداڵیان بوو، هەوڵی فرۆشتنی منداڵەكانیان دەدەن‌و دەبێ ئەوەش قبووڵ بكەین بەشێك لەم كارە قێزەونەش بە شێوەی سازماندارو جێبەجێ دەكرێ. فاتمە دانشوەر، سەرۆكی كومیتەی كۆمەڵایەتیی شوورای ئیسلامیی شاری تاران كە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بۆ یەكەمین جار ئەم هەواڵەی بڵاو كردەوە، پێشتر گوتبووی: ڕاپۆرتەكان دەریان خستووە ژنانی كارتۆن خەو و لەشفرۆشەكان لە هێندێك لە نەخۆشخانەكانی باشوور و ناوەندی شاری تاران، پاش ئەوەی كە منداڵیان بوو، منداڵەكانی خۆیان بە ١٠٠ تا ٢٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشن.