![](/files/mahamadislamiii48.jpg)
جێگری فەننیی دەفتەری سڵامەتی حەشیمەت، بنەماڵەو قوتابخانەكانی وەزارەتی بێهداشت گوتی: بوونی ١٣ میلیۆن كوڕو كچی سەڵت، سەرەكیترین ئاستەنگی بەردەم بەرنامەی بەرزكردنی ڕێژەی منداڵ بوون لە ئێرانە.
دوكتور محەممەد ئیسلامی گوتی تەمەنی ئەم لاوە سەڵتانە لە ١٨ ساڵ بۆ سەرەوەیە. ناوبراو ڕایگەیاند: دواكەوتنی پێكەوەنانی ژیانی هاوبەشو زەماوەند كردن لە تەمەنی سەرەوەدا لە هۆكارە گرینگەكانی دابەزینی ڕێژەی زاوزێو كەم بوونی ڕێژەی حەشیمەت لەم وڵاتەیە.
ناوبراو نەزۆكیی بە یەكێكی دیكە لە ئاستەنگەكانی بەردەم بەرنامەی بەرز كردنی ڕێژەی منداڵ بوون زانی و گوتی: ئێستا ٣ میلیۆن ژنو مێردی نەزۆك لەم وڵاتە هەنو نزیكەی ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لەوان توانای دابینكردنی خەرجی دەرمانی بۆ چارەسەری ئەم گرفتەی خۆیان نییە.
بەپێی دوایین سەرژمێرییەكان ئاستی گەشەی حەشیمەت ٣/١ لەسەد ڕادگەیەندراوە.
بە قسەی دوكتور محەممەد ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی منداڵ بوون لە ئێران دابەزی كە ئەگەر ئەم ڕەوتە هەروا بەردەوام بێن لە نزیكەی ٣٠ ساڵی داهاتوودا ڕێژەی گەشەكردنی حەشیمەت لەم وڵاتە دەگاتە سفر و پاش ئەویش هەر بە یەكجاری دەبێتە هیچ.