کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان: ڕێگە چارەی سووریە وەدەرنانی بەشار ئەسەدە لەم وڵاتە

14:46 - 11 رەشەمه 2715

عادڵ ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی عەڕەبستان پێداگری كرد کە ئەگەر ڕێژیمی ئەسەد و هاوپەیمانەكانی پێبەند بەم ئاگربەسە نەبن، ئەوا بژێرەكەی دیكە جێبەجێ دەكرێ. جوبەیر هەروەها گوتی با ئەسەد بۆخۆی سەرپشك بێ، یان بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە لەم وڵاتە بچێتە دەرەوە یان بە زەبری چەک دەری دەكەن. ئەلجوبەیر پێداگری كردەوە ئەگەر نەمانتوانی درێژە بەم ئاگربەسە بدەین، بە هەمان شێوە كە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئامریكا گوتی، گەڵاڵەی "ب" هەیەو، ڕێگە چارەی ئەم گەڵاڵەیە ئەوەیە كە بەشار ئەسەد لە سووریە نەمێنێ، لەوەشدا هیچ كێشەیەك نییەو بە هیچ شێوەیەكیش پشتگوێ ناخرێ. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: پرسیار ئەوەیە كە ئایا بەشار ئەسەد بە شێوەی ئاشتیخوازانە لە سووریە دەچێتە دەرەوە؟ ئەم ڕێگەچارەیە باشتر و خێراترە یان دەیهەوێ لە ڕێگەی نیزامییەوە ناچاری بكەن ئەم وڵاتە بەجێ بێڵێ.