کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای قەیرانی وشكەساڵی سپای پاسداران بە تەمای لێدانی ١٧ بەنداوی نوێ‌یە

14:19 - 12 رەشەمه 2715

عیبادوڵڵا عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران گوتی محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران، لە نامەیەك‌دا بۆ حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئەم وڵاتە، داوای ڕادەستكرانی ١٠ پڕۆژەی زەبەلاحی ئابووریی ئەم وڵاتەی بە سپای پاسداران کردوە کە٥ پرۆژەیان پێوەندی بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت‌دا هەیە. فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ڕەخنەی لە هاوردەكردنی ١٥ میلیۆن لیتر بێنزین لە لایەن دەوڵەت لە قۆناغی دوای رێککەوتنی ئەتومی گرتووە و وێڕای ئاماژە بە دابەزینی سەدی ٨٠ی نرخی نەوت گوتی نە تەنیا دەبێ جێگرەوەیەك بۆ نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكیی داهات بدۆزرێتەوە، بەڵكوو پێویستە لەمەو بەدوا سەرنجی تایبەت بەم پرۆژە ئابوورییانەش بدرێ كە پێوەندییان بە ئاوەوە هەیە. ناوبراو گوتی سپای پاسدارانی ئێران لەم بوارەوەدا پرۆژەی جیاوازی هەیە كە بۆ جێبەجی كرانیان پێویستی بە لێدانی ١٧ بەنداو و چەندسەد كیلۆمیتر توونێل هەیە. سپای پاسدارانی ئێران دەیەوێ پێچەوانەی هەموو ئەو انوونە پێوەندییان بە ئاوەوە هەیە، هەموو ئاوەکانی ئێران گل داتەوەو نەیەڵێ هیچ ئاوێك لە سنووری ئێرانەوە برژێتە وڵاتانی دراوسێی. قسەكانی ئەم كاربەدەستەی سپا لە حاڵێك دایە كە قەیرانی ئاو لە ئێران كە نیوەی حەشیمەتی لادێیی ئەم وڵاتەی كردۆتە پەڕاوێزنشینی شارەكان‌، کە ئەوەش زۆرتر بۆ لێدانی بێ سەرەوبەرەی بەنداو لە لایەن سپای پاسداران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە كە دیارە سپای پاسداران لەم ڕێگەیەوە سەروەت‌و سامانێكی زۆری وەسەر یەك ناوە.