کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران بەدژی درێژکردنەوەی بەرپرسایەتیی ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئێرانە

14:21 - 12 رەشەمه 2715

محەممەدجەوا لاریجانی، سەرۆكی ستادی بەناو "مافەكانی مرۆڤ"ی دەزگای قەزایی ئێران، دیاریكردنی ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافەكانی مرۆڤ بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێویست نازانێ‌و پێی وایە كارێكی زۆر ناماقووڵ‌و نادادپەروەرانەیە. لاریجانی ئیدیعا دەکا حكومەتی ئیسلامیی ئێران سەمبول‌و نموونەی "گەورەترین دێمۆكراسیی ناوچەیەو خاوەنی وردترین‌و پێشكەوتووترین قانوون‌و ڕێوشوێنەكانە." جێگری كاروباری نێودەوڵەتیی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها ئیدیعای كردوە كە دیاریكرانی ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ئەنگیزەی سیاسیی زلهێزە جیهانی‌یەكانی لە پشتە‌و هیچی دیكەی تێدا بەستە نییە. ناوبراو پاشان ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنێری تایبەتیی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئێرانی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەڵسوكەوتی نەشیاوی هەبووەو پشتڕاستی كردەوە هەر بەم هۆیە بووە كە تا ئێستا كۆماری ئیسلامی هاوكاریی ناوبراوی نەكردووە و بەدژی هاتنی ئەو بۆ نێو خاكی ئێران بووە. لاریجانی لە درێژەدا گوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەدژی نوێكرانەوەی مەئموورییەتی ١ ساڵەی ئەحمەد شەهید وەك ڕێپۆرتنێری تایبەتی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئێرانەو داوا دەكا كە وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەم بارەوە لەگەڵی یەكدەنگ‌و هاوڕا بن. سەرۆكی ستادی بەناو مافەكانی مرۆڤی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی تێگەیشتنی گشتی‌و جیهانگیری مافەكانی مرۆڤی بە تێگەیشتنێكی هەڵە ناوبرد و گوتی: وەبەرچاو نەگرتنی جیاوازییە فەرهەنگی‌یەكان لە بواری مافەكانی مرۆڤەوە زیانبارن‌و لە بابەت ئەم بابەتانەش كە پێوەندییان بە مافەكانی مرۆڤەوە هەیە دەبێ ئەم جیاوازییانە بە هێند وەربگیرێن‌و گرینگییان پێ بدرێ. محەممەدجەواد لاریجانی پێشتر بە پشتبەستن بەم جیاوازییە فەرهەنگی‌یانە جێبەجێکردنی سزا ئیسلامی‌یەكانی وەك پەڕاندنی ئەندامانی لەش یان بەردەبارانكردنی بە قانوونە جوانەكانی قەساس ناوبردبوو و پێی وابوو تەنانەت لەم حاڵەتانەش‌دا پڕەنسیپەکانی مافەكانی مرۆڤ بە تەواوی ڕەچاو کراون.