کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەسەری گرفتی بیمەی نەوتهەڵگرەكانی ئێران ٢ تا ٣ مانگی دیكەی كات پێویستە

14:24 - 12 رەشەمه 2715

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕەشەممە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێك‌دا لە زمان بەڕێوەبەریی گەورەترین شیركەتی سەربەخۆی نەوتهەڵگر لە جیهان، ڕایگەیاند كە بەدوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان‌دا، بە ئەگەری زۆر چارەسەری گرفتی بیمەی نەوتهەڵگرەكانی كۆماری ئیسلامی ٢ تا ٣ مانگی دیكەی كات پێویست بێ. ئەم هەواڵدەرییە لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا نووسیویەتی ئەم گرفتەی بەردەم بیمەی نەوتهەڵگرەكان دەتوانێ لە داهاتوویەكی نزیك‌دا كاریگەریی خراپ لە سەر نیازی كۆماری ئیسلامی بۆ زیادكردنی لە ڕادەبەدەری هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی دابنێ. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە ئێران چاوەڕوانی ئەوە بوو كە پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدوای ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ گرووپی ١+٥ زۆر بە خێرایی ئاستی هەناردەی نەوتی خاوی خۆی بەرز بكاتەوە، بەڵام وا دیارە هێشتا تا چەند مانگی دیكەش كۆماری ئیسلامی دەبێ لەگەڵ گرفتی ماڵی‌و بیمە بە ناچاری هەڵ‌بکا. وەزارەتی نەوتی دەوڵەتی ڕووحانی پێشتر ڕایگەیاندبوو كە دەسبەجێ پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان، ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بۆشكە\ بە هەناردەی نەوتی وڵات زیاد دەكرێ. هەر لەم پێوەندییەدا بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامی، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئاستی هەناردەكانی نەوتی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا گەیشتۆتە ١ میلیۆن و ٧٥٠ هەزار بۆشكە لە ڕۆژدا؛ بەڵام ڕۆیتێرز دەڵێ بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئەم هەواڵدەرییە، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو تاكوو ئێستا هەناردەی نەوتی ئێران لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بۆشكە لە ڕۆژدا تێنەپەڕیوە.