کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڕاک ئۆباما: ئێران ئێستاش بە هەڕەشەیەک بۆسەر بۆ ئەمریکا دادەنرێ

15:19 - 20 رەشەمه 2715

باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا جارێکی دیکەش بڕیاری پێوەندیدار بە "دۆخی نائاسایی نیشتمانی" لە دژی ئێرانی درێژ کردەوە. ئەو گوتی: ڕاستە ئێمە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتننامەی مێژوویی ناوکی‌مان ئیمزا کردوە، بەڵام ئەو وڵاتە ئێستاش بە مەترسی بۆ سەر ئەمنیەتی میللەتیی ئەمریکا دادەنرێ. بڕیاری پێوەندیدار بە "دۆخی نائاسایی نیشتمانی" لە دژی ئێران ساڵی ١٣٧٤ ی هەتاوی لەلایەن بیل کلینتۆن، سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا بە دژی ئێران بەتایبەت بە مەبەستی پەرەپێدان بە گەمارۆکانی سەنعەتی نەوتی ئەو وڵاتە دراو، ئێستاش سەرکۆماری ئەمریکا ئەو بڕیاڕەی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە. باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا لە دەقی ئەو بڕیارەدا دەڵێ زۆر لە سیاسەت‌و کردەوەکانی ئێران لە ئێستاش‌دا بە دژو بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەوەو ئابووریی ئەمریکا دادەنرێن، بۆیە بڕیاری داوە کە بڕیاری پێوەندیدار بە "دۆخی نائاسایی نیشتمانی" لە دژی ئێران بۆ ساڵێکی دیکەش لە جێی خۆی بێ. ئەو لە نامەیەکی جیادا بۆ سەرۆکی مەجلیسی نوێنەران‌و سەنای ئەمریکا بە ئاماژە بە رێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئێران‌و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵێک لە گەمارۆکانی دژی ئەو وڵاتە، بەڵام پێی لەسەر ئەوە داگرتۆتەوە کە گەماڕۆکانی دیکەی ئێران لە دەرەوەی چالاکیی ئەتومیی ئەو وڵاتە ئێستاش لە جێی خۆیەتی. ئەمریکا دەڵێ ئێران پشتیوانی لە تێرۆریسم دەکاو مافی مرۆڤیش بە توندی پێشێل دەکاو لەو سۆنگەیەوە کۆمەڵێک سزاو گەمارۆی بەسەر ئێراندا سەپاندوە کە لای نەبردوون‌و دەڵێ ئەو گەمارۆیانە پێوەندییان بە رێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئەو وڵاتە نییەو لەجێی خۆیان دەمێنن.