کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەهید: له‌ ساڵی ٢٠١٥ دا له‌ ئێران ٩٦٦ که‌س له‌ دار دراون

03:45 - 22 رەشەمه 2715

ئەحمەد شەهید ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە یازدەیەمین ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە پێشکێش بە شوڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. ئه‌و گوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی ٢٠١٥ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردوەو، نیوەی ئەو کەسانەی لەو ساڵه‌دا له‌دار دراون، بە تاوانە پێوەندیدارەکان بە ماددەی هۆشبەرەوە تاوانبار کراون. ئەحمەد شەهید لە ڕاپۆرتەکەیدا گوتوویەتی بەپێی ئاماری ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران ساڵی ڕابردوو ٩٦٦ کەس لەسێدارە دراون، کە ٥٠٠ کەسیان بەهۆی تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزا دراون. لە ڕاپۆرتەکەی ئەحمەد شەهیددا ئاماژه‌ بە پێشێلکردنی ماف‌و ئازادییەکانی دەربڕینی بیرو باوەڕیش کراوە و هاتووە، که‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥دا، شەش نووسەرو هونەرمەند و مۆسیقیزان له‌گه‌ڵ ٢٢ رۆژنامەنووس‌و ٢٣ چالاکی مەدەنی لە ئێران دەستبەسەر کراون. لەو ڕاپۆرتەدا له‌باره‌ی پێشێلکرانی مافی نه‌ته‌وه‌ نافارسه‌کان له‌ ئێران نیگەرانیی جیددی خراوەتەڕوو، کە بە شیوەیەکی سیستماتیک‌و ڕێکخراو مافی نەتەوەو ئایین‌و ئایینزاکانی ئێران پێشێل دەکرێ و، چارەی ئەو پێشێلکەرییانەش بە لای بۆچوونی ئەحمەد شەهیدەوە پێکهاتنی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تییه‌ لە قانوونەکانی ئێراندا. ئەحمەد شەهید لە ڕاپۆرتەکەی‌دا ئیشارەی بە پێشێلکرانی مافی ژنانیش کردووەو ده‌ڵێ هەتا ئێستاش ژنانی مێرددار بەبێ ئیزنی مێردەکانیان مافی وەرگرتنی پاسپۆرت‌و سەفەر بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان نییه‌. ئەم ڕاپۆرتەی ئەحمەد شەهید، کە پێنج ساڵە وەکوو ڕاپۆرتدەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دیاری کراوە، لە دانیشتنی داهاتووی شوڕای مافەکانی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوەیەدا تاوتوێ دەکرێ.