کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆخبوونەوەی ئەگەری دامەزرانی دەوڵەتی فێدراڵ لە سووریە

06:55 - 22 رەشەمه 2715

زلهێزە جیهانییەكان بە نزیكبوونەوە لە خولی نوێی دانووستانەكانی ئاشتیی لە سووریە، بە شێوەیەكی جیددیتر بیر لە ئەگەری دامەزراندنی سیستمی فیدراڵ لە سووریە دەكەنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە حاڵێكدا كە ستێفان دی میستۆرا، نێردراوی تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتیی سووریە ئامادەی دیدار لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی سووریەو گرووپە دژبەرەكان دەبێ، ئەم پێشنیارەی كە سەرنجی هەموو لایەك بۆلای خۆی ڕادەكێشێ دابەشكرانی سووریە بۆ ناوچە جیاجیاكان لە سیستمێکی فێدراڵ دایە. دیپڵۆماتێكی ئەندامی شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ نەتەنیا ڕووسیە بەڵكوو زلهێزە ڕۆژاواییەكانیش، بە شێوەیەكی جیددی بیر لە بژێرەی پاراستنی سووریەی یەكپارچە به‌ڵام دابەشكردنی ئەم وڵاتە بە ناوچە جیاوازەكانی فیدراڵ دەكەنەوەو لە بارەی ئەم ئیدەیەدا زۆر بە جیددی قسەیان لەگەڵ دی میستۆراش كردوە. هاتنه‌ به‌رباسی ئه‌و بژێره‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ دوای ٥ ساڵ له‌ شه‌ڕ له‌و وڵاته‌ بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە ٢٥٠ هەزار كەس كوژراون‌و ١ لە ٣ی حەشیمەتی ئەم وڵاتەش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون یان بە ناچاری وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە داوای پەنابەرییان لە وڵاتانی دیكە كردووە.