کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لە لاوانی کورد تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون

17:18 - 4 خەرمانان 2716

بەکۆتایی‌هاتنی دەورەی ٢١٨ی فێرگەی سیاسی _ نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، پۆلێکی دیکە لە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕەسمی هاتنە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە. لە ڕێوڕەسمێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ی خەرمانان لە فێرگەی سیاسی _ نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا، کۆتایی دەورەی٢١٨ی سەرەتایی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا و بەشدارانی دەورەکە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبدا سازمان دران. ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢١٨ی سەرەتایی پێشمەرگە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن بەشدارانی دەورە و رێژەی نیزامیی ئەوان دەستی پێکرد و دواتر کاک عومەر باڵکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکێش کرد. ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە سەرەتای قسەکانیدا لە پەسنی پێشمەرگە و پێگەی پێشمەرگەدا گوتی: پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان میراتگری ئەو میراتەن کە لە کۆماری کوردستانەوە بۆمان بەجێ ماوە و گیانبازی و لەخوبوردووییان و حەماسەخولقێنی و مانەوەیان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی خەباتی نەتەوایەتیدا سەلمێنەری ئەوەن کە میراتگرێکی بەوەفا و ڕاستەقینەی کۆماری کوردستانن. بەرپرسی کۆمیسیۆنی فێرکردن و پەروەردەی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی ناوی پێشمەرگە لە ئێستادا جوغڕافیای کوردستان و وڵاتانی ناوچەی بڕیوە و بووە بە دەستەواژەیەکی سیاسی لە جیهاندا، ئەمڕۆکە پێشمەرگە بۆ بایەخە بەرزە مرۆییەکان شەڕی مان و نەمان دەکا و پێشەنگی ئازادیخوازییە، ئەوەش ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر شانی هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان کە بەرعۆدەی ئەو ناو و نازناوە بن، کە پێیان بەخشراوە. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا ئۆمید دیوانی‌ئازەر پەیامی بەشدارانی دەورەی ٢١٨ی خوێندەوە. لەو پەیامەدا بە ئاماژە بە نوێکردنەوەی بەڵێن بۆ پاراستنی بایەخە نەتەوەییەکان، باس لە ئامادەیی ئەوان بۆ وەرگرتنی هەرچەشنە ئەرکێکی پێشمەرگانە کرابوو. لە کۆتایی ڕێورەسمەکەشدا خەڵات بەسەر سەرکەوتووانی دەورەکەدا دابەش کرا.