کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی شەهیدان ئازاد ئالی ‌و ئەمیر نستانی لە وڵاتی نۆروێژ

18:14 - 22 خەرمانان 2716

رێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی هاوڕێیان ئازادی ئاڵی ‌و ئەمیر نستانی شەهیدانی حیزب ‌و گەل کە لە تێکەڵچوونێکی قارەمانانە لەگەڵ هیزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی گیانیان فیدای بارەگای نیشتمان کرد، لە شاری لیلسترۆمی نۆروێژ بەرێوەچوو. سەر لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ٢١ ی خەرمانان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی ١٦ خەرمانان، شەهیدان ئازادی ئالی‌و ئەمیر نستانی رێورەسمی پرسەو سەرەخۆشی لە لایەن کومیتەی بەرێوەبەری گشتی حیزب لە نۆروێژ بەرێوە چوو. ئەو ڕێوڕەسمە بە سرودی ئەی شەهیدان و خوێندنەوەی پەیامی کومیتەی بەریوەبەری گشتی حیزب لە نۆروێژ لە لایەن کاک رزگار حەبیب‌زادە، بەرپرسی کومیتە وە دەستی پێکرد. لە پەیامەکەی بەرێزیان‌دا بە ئاماژە بە خەبات ‌و تێکۆشانی حیزب لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوودا باس لەوە کرابوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوام لە رێگای مێتۆد و شێوە خەباتی جۆراوجۆرەوە خاوەندارێتی لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی‌و ئازادیخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا کردووە و، بۆ ساتێک لە ئاستی بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی ‌و نیشتمانییەکان‌دا شانی خاڵی نەکردووە و بە هەزاران شەهیدی پێشکەشی بارەگای ئازادی کوردستان کردووە دوا بە دوای پێشکێشکرانی پەیامی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزب، کاک هاشم رۆستەمی ئەندامی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە بەرنام ەو ئەساسنامە وێرای دانواندنی سەری رێز و پێزانین بۆ نوێترین شەهیدانی حیزب‌ و گەل شەهیدان ئازادی ئالی ‌و ئەمیر نستانی، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەرێزیان باسی ئەوەی کرد کە بزاڤی کورد لە کوردستان ‌و رۆژهەڵات گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێ پرسی مافخوازانە‌ و ئازادیخوازانەی کورد لە بەرچاو نەگرێ. بەرێزیان لە درێژەی قسەکانیدا ئەو جووڵە و بزاوتانەی بە ویست‌ و ئیرادەی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات زانی‌ و بە بریاری سەربەخۆی سیاسیی حیزب دانا، بە پێچەوانەی ئەو وتانەی کۆماری ئیسلامی کە هەول دەدا بزوتنەوەی کورد بە داردەستی هێزو لایەنی‌تر بە بیرورای گشتی لە ناوخۆو دەرەوە بناسێنێ، خەباتی کورد هەلقوڵاوی ویست‌ و ئیرادەی نەتەوەیی کوردە. لە درێژەی ئەو کۆڕی پرسە و ماتەمینەی شەهیدانی ١٦ خەرمانان، شاعیری کورد مامۆستا حوسێن حەسەن نیا پارچە هۆنراوەیەکی لە ژێرناوی " نامەیەک لە ڕەهەندەکانی شەرافەتەوە بۆ شەهیدێکی سەرکردە" پێشکەش بە پرسە و ماتەمینەکە کرد. دوا بە دوای شێعرەکەی مامۆستا حوسێن، پێشمەرگەی دێرینی حیزب عەبدووڵڵا گۆمانی پەخشانێکی بە دەنگە بە سۆزەکەی پێشکەش بە رێورەسمی پرسەو ماتەمینی شەهیدان ئەمیر نستانی‌و ئازادی ئاڵی کرد. جێگەی ئاماژەیە کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتمان‌پەروەر و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردایەتی، نوێنەرانی حیزب‌ و لایەنە سیاسییەکان ‌و کەسایەتی سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتییەکان بەشداری ئەو پرسە و ماتەمینە بوون.