کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕیادی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی لە وڵاتی دانمارک

18:43 - 22 خەرمانان 2716

لە وڵاتی دانمارک کۆڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی بەڕێوەچوو. ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەرمانان، کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ ڕێز گڕتن و بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی شەهیدانی نوێی حیزب، کۆڕێکی ماتەمینی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و کوردانی دانیشتووی وڵاتی دانمارک بەڕێوە برد. ئەو کۆرە بە سروودی بە سروودی ئەی شەهیدان و خوێندنەوەی پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزب لە لایەن کاک خالید ڕەواندوست، ئەندام کۆمیتەی دانمارکەوە دەستی پێکرد. ناوبراو لە پەیامەکەدا وێڕای ئیشارە بە ئازایەتی و لە خۆبوردویی پێشمەرگە و پیرۆزی و گرینگیی خوێنی شە هیدان لە بەرەوپێش چوون و بەردەوامی خەباتی رزگاریخوازی و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕژیمی دژی گەڵی ئیسلامی ئێران تیشک خرابووە سەر فیداکاری و شەهید بوونی ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد و شەهید دوکتور قاسملو و شەهید دوکتور شەرەفکەندی و دەیان ئەندامی رێبەری و کادر و هەزاران پێشمەرگە ی قارەمان بو ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورد و کوردستانی خۆشەویست. هەروەها جەخت لە سەر سوور بوون لە خەبات و هەوڵدان بۆ دانەوەی پاداشی شەهیدان بە پێی وتەی بە نرخی رێبەری شەهید دوکتور قاسملو و درێژەدانی ڕێگای پڕ لە شانازی شەهیدان و وەدیهێنانی ئامانجی بەرزیان واتە ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کرابوەوە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا وێڕای دەربڕینی داخ وپەژارە لە شەهید بوونی ئەو شەهیدانە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات و هاوسەنگەران و بنەماڵە بەڕێزی شەهیدان ئازاد ئاڵی وئەمیر نستانی کرابوو و بەڵێن و پەیمان نوێ کرابۆوە هەتا سەرکەوتنی یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستان ڕێگای پیرۆزیان درێژەی هەبێ. لە دریژەی کۆڕەکەدا چەند پەخشانی ئەەبی لە وەسفی شەهیداندا لە لایەن ئەحمەد ڕەحمانی و هیوا زەبیحی خوێندرانەوە. خوێندنەوەی کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی لە لایەن خاتوو ئارەزوو خالیدنژاد و دوو هۆنراوە لە لایەن خاتوو ژیلا ڕەحمانی و ڕەشید قازی و خوێندنەوەی ئەو پەیامانەی بەو بۆنەیەوە هاتبوون، چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون. ئەو لایەنانەی بەو بۆنەیەوە پەیامیان ناردبوو بریتی بوون لە: - لێژنەی ناوچەی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان - کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران - فیدراسیۆنی کۆمەڵەکوردییەکانی دانمارک - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - کۆمیتەی دانمارکی یەکیەتی کوردستان - پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پەژاک" - پارتی ئازادی کوردستان باکوور