کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبونەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەڕێوەبەریی لاوان و ژنان

19:20 - 23 خەرمانان 2716

ئەندامانی بەرێوەبەریی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دیموکڕات لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆبوونەوە. رۆژی سێشەمە، ٢٣ی خەرمانان کاک خالید عەزیزی، سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکرات بەمەبەستی ئاگاداربوون لە تێکۆشان و کار و بەرنامەی رێکخراوەکانی لاوان و ژنان بۆ داهاتووی کاری ئەو ڕێکخراوانە لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو دوو رێکخراوەیە کۆبۆوە. لەو کۆبوونەوەیەدا کاک خالید عەزیزی وێڕای ئاماژە بە دەوری گرنگی لاوان و ژنان لەم سەردەمەدا و کاریگەرییان لەسەر ئاڵوگۆڕەکان، باسی لە دۆخی لاوان و ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ئاوڕی لە جموجۆڵی مەدەنیانەی لاوان و ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دایە و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنیی ناوخۆی بەرزنرخاند. لەهەمان کاتدا کاک خالید عەزیزی باسی لە ئەرک و تێکۆشانی رێکخراوەکانی لاوان و ژنانی دێموکرات لەو قۆناغی ئێستادا کرد و پێداگری لەسەر ئەوەی کە پێویستە رێکخراوەکانی تاراوگە هاوکار بن نەک کۆسپ لەبەردەم چالاکی تێکۆشەرانی ناوخۆ، باسی لە تێکۆشانی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان کرد کە دەبێ لە نێو توێژەکانی تایبەت بە خۆیان لە رۆژهەڵاتدا هاوپێوەندییان هەبێ و پێویستە پشتیوانی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات بن. لە درێژەی ئەم دانێشتنەدا پێشەوا عەلیپوور، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان وێڕای باسکردن لە بەستێنەکانی تێکۆشانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە قۆناغی نوێی خەبات بۆ رۆژهەڵات کرد و فرەچەشنی خەباتی کوردی وەک دەرفەت باس کرد بۆ ئەوەی هەموو چین و توێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری خەباتی رزگاریخوازی بن. ئەو گوتی لە بەردەوامیی ئەو بەشدارییەدا، لاوان و ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێوسیتە خۆیان سازمان بدەن و کلتووری خۆسازماندان لە نێوخۆیاندا بە قوەت بکەن و لە زەرفیەتە قانوونییەکانی ناێو کۆماری ئیسلامی بە قازانجی بردنە پێشی پرسی کورد کەلک وەرگرن. لە بەشێکی دیکە ئەو دانیشتنەدا خاتوو سوهەیلا قادری، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی ژنان وێرای تاکیدکردنەوە لەسەر قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب ئاماژەی بە تێکۆشانی ژنان لە دنیای مەجازیدا کرد و باسی لەو بەستێنە کرد کە ژنانی رۆژهەڵات دەتوانن بەکاری بێنن بۆ ئاشنا بوون و هوشیار بوون بە مافەکانیان و دنیای مەجازی بکەنە دەرفەتێک بۆ هێنانە گۆڕێی ویستەکانیان. لەکۆتاییدا ئەندامانی بەشدار بە را و سەرنجی خۆیان باسەکەیان دەوڵەمەند کرد.