کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور مەحمود عوسمان لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات کۆبۆوە

18:10 - 24 خەرمانان 2716

لە دیدار و چاوپێکەوتنی دوکتور مەحمود عوسمان و کاک خالید عەزیزی‌دا دوولایەن لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی خەرمانان دوکتور مەحمود عوسمان، کەسایەتیی سیاسیی کوردی باشووری کوردستان سەردانی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. لەو دانیشتنەدا سەرەتا دوکتور مەحمود عوسمان هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حیزب لە دواتێکهەڵچوونی هێزەکانی حیزب لەگەڵ سپای پاسداران لە ناوچەی سەردەشت دەربڕی، پاشان لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستای کوردستان و ناوچە ڕاو بۆچوونی خۆی هێنایە بەرباس. لەو دیدارە کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش خوێندنەوەی خۆی و حیزبی دێموکڕاتی بۆ هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستای ناوچە هێنایە بەرباس و تیشکی خستە سەر ئەوەی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی لایەنە سیاسییەکان زەمانەتی سەرەکیی سەرخستنی دۆزی کوردە لەو دۆخە تایبەتەی لە ناوچەدا ڕادەبرێ. باس لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکڕات بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێران و کوردستان تەورێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوو کە لەو پێوەندییەشدا دوکتور مەحمود عوسمان بە بایەخەوە بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی هەڵسەنگاند.