کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمیناری یادی شەهیدانی میکونووس لە ٢٤ ساڵەی تێرۆری برلین‌دا

21:46 - 25 خەرمانان 2716

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هاوڕێیانی لە بڕلین بە دەستی تێرۆرسیتەکانی کۆماری ئیسلامی، سمینارێکی پێکهێنا. لەو سمینارە کە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەرمانان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕات وبە بەشداریی سەدان کەس لە کادر وپێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات گیرا، کاک برایم زێوەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب باسی لە نەخش و ڕۆڵی دوکتور سادق شەڕەفکەندی لە بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکڕاتدا کرد و، کاک عەلی بداغی، ئەندامی ڕاویژکاری کۆمیتەی ناوەندی باسی لە کاریگەریی بڕیاری دادگای میکونوس لە سەر گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و گۆڕانکارییەکان لە حاکمییەت لە نێوخۆی وڵاتدا کرد. ئەو سمینارە بە سروودی نەتەوایەتیی" ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد و لەلایەن سامان فەقێ‌نەبی، بەڕێوەبەری سمینارەکەوە باسێک لە کەسایەتیی دوکتور شەڕەفکەندی و شوێن و پێگەی ئەو شەهیدە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد. لە یەکەم برگەی سەرەکیی سمینارەکەدا کاک برایم زێوەیی باسەکەی بە پێناسه‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تیی فرەرەهەندی دوکتور سەعید شەڕەفکەندی دەست پێکرد و تیشکی خستە سەر تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌رچاوه‌کانی دوکتۆر سەعید له‌ نێو ریزه‌کانی حیزب و به‌ تایبه‌ت لە ئاستی ریبه‌رایه‌تی حیزبی دێمۆکرات دا. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕات لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا بۆچوون و روانگه‌ جۆراوجۆره‌کانی دوکتور سەعید شەڕەفکەندیی له‌ بوارەکانی وه‌ک؛ دیفاعی شێلگیرانه‌ له‌ حه‌قانییه‌تی جوڵانه‌وی کورد‌ و خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ رێگای نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌؛ پێداگری له‌سەر پێویستیی ته‌شکیلات و فاکته‌ری بەشداریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ سەرخەستنی تێکۆشانی حیزب و جوڵانه‌وه‌ و، هەروەها خه‌تدان لە مەیدانی خەبات و ئه‌رکدار کردنی خه‌ڵک و دەستنیشان کردنی به‌ پرسایه‌تیی سه‌رشانیان له‌ ئاست جوڵانه‌وه‌دا شیکردەوە. باسێک لە بنەما فیکرییەکانی دوکتور سادق شەڕەفکەندی لە پێوەندی لەگەڵ چەب و خەباتی نەتەوایەتی و هەروەها نەخشی شەهید دوکتور شەڕەفکەندی لە ئیدارەی و بەڕێوەبەریی حیزب و بڕیارەکانی حیزب و، هەروەها پێداگری و سووربوونی دوکتور سەعید له‌ پرسه‌کانی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئازادی و دێمۆکراسی چەند تەوەری دیکەی باسەکەی کاک برایم زێوەیی بوون. پەنێلگێڕی دووهەمی سمینارەکە کاک عەلی بداغی بوو کە باسی لە کاریگەریی بڕیاری دادگای مێکونوس لە سەر ڕاگرتنی ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا و هەروەها کاریگەریی لە سەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا کرد کە هاتنەسەر کاری ئیسلاحتەڵەبەکانی لێکەوتەوە. ئەو بە ئاماژە بەوەی کە لە دنیای هاوچەرخی ئێمەدا تیرۆر بە شتێکی دژەبایەخ سەیر دەکرێ و نیزامی سیاسیی خەڵکی و دێموکڕاتیک زۆر بە دەگمەن پەنا بۆ تێرۆر دێنن، تیشکی خستە سەر کارنامەی دوور و درێژی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری نەیارانی لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی وڵات‌ڕا بگرە، هەتا پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان. ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا لەسەر هۆکاری پەنابردنی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆر گوتی : لای ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی تێرۆری دژبەران کارێکی پیرۆزە، ئەوان هەموو کاتێک باوەڕیان بەوە بووە کە هەموو دەنگە دژەکان دەبێ کپ بکرێن، هەموو حیزبە بەرهەڵستکارەکان لە سەریان بدرێ و هەموو ئەو کەسانەی بە ملۆزم دادەنرێن دەبێ لێیان بدرێ. ئەوە بوو کە لە نیوخۆی وڵات بە قەتڵە زنجیرەییەکان و لە دەرەوەی وڵاتیش لە رێگای کۆماندۆکانی تێرۆرەوە نیزیک بە ٥٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسییان تێرۆر کرد. کاک عەلی بداغی دوایە کۆمەڵێک فاکتی هێناویەوە کە بەو هۆیانە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریسمی نێودەوڵەتی دەناسرێ. بەڕێزیان دواتر باسی لەوە کرد کە بڕیاری دادگای میکونوس، یان بە واتایەکی دی خوێنی شەهید دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی بوو بە نوختەی گۆڕان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی، هەم سیاسەتی دەرەوەی، هەم ئاڵوگۆڕ لە دەوڵەت لە نێوخۆی وڵات. چونکی ڕێژیمی ناچار کرد گۆڕان بە سەر سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بێنێ و لە نێو خۆی وڵاتیش بۆ تێپەڕین لە قەیرانی میکونوس ڕێگای دا ئیسلاحتەڵەبەکان بێنە سەر کار.