کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئۆسترالیا بە نیگەرانیی حدک سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران

21:31 - 26 خەرمانان 2716

وەزیری دەرەوەی ئۆسترالیا دەڵێ باڵوێزی وڵاتەکەی لە تارانی ڕاسپاردوە کە بەدواداچوون بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بکەن. ماوەیەک لەوە پێش شاندێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە " بریزبن"ی ئۆسترالیا لەگەڵ "گراهام پیریت"، نۆێنەری پارلمانی فیدرالی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە تایبەت دۆخی زیندانیانی سیاسی نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و داوایان کرد کە دەوڵەتی ئوسترالیا لەو پێوەندییەدا هەنگاو هەڵێنێ و لەو دۆخە بێدەنگ نەبێ. لەو کۆبوونەوەیەدا گراهام پیریت بەڵێنیی ئەوەی بە شاندی حیزب دا کە ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری دەرەوە بێنێتە بەرباس و، ڕۆژی ٨ی سێپتامبر وەڵامی نامەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەو پێوەندییەدا بۆ کۆمیتەی حیزب ناردەوە. لەو نامەیەدا جوڵی بیشیپ، وەزیری دەرەوەی ئۆسترالیا سپاسی نامەی سەلاح پوورئەسەد، بەرپرسی کۆمیتەی "بریزبن"ی ئۆسترالیای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە پێوەندی لەگەڵ رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کردوە و دەڵێ بۆخۆشم لەو بارەیەوە زۆر نیگەرانم. جوڵی بیشیپ، وەزیری دەرەوەی ئۆسترالیا لە نامەیەکدا بۆ گڕاهام پیریت، ئەندامی پاڕلمانی وڵاتەکەی نوسیویەتی نوسیویەتی: رۆژانە ڕاپۆرتی زۆر لە سەر ڕەفتاری ناپەسندی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ کەماییەتییە نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی کوردەکان بڵاو دەبێتەوە. بۆیە ئەمن باڵۆێزی خۆمانم لە تاران ئاگادار کردەوە کە بەدوا داچوون بکا بۆ ئەو مەسەلەیە و نیگەرانیی ئیمە بە دەولەتی ئیران ڕابگەیەنن." وەزیری دەرەوەی ئۆسترالیا دەڵێ هەموو جارێ ئێمە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان لە سەر ئەم پێشێلکارییانەمان گەیاندۆتە کاربەدەستانی ئیران و، هەر ساڵی ڕابردوو ئێمە ئەو کێشانەمان لە گەڵ جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هێنایە بەر باس کرد. جوڵی بیشیپ لە درێژەی نامەکەدا نوسیویەتی کە دەوڵەتی ئوسترالیا دەوری بووە لە مەحکومکردنی ئیران لە کۆبونەوەی ساڵانەی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان  لە ساڵی ٢٠١٥، کە لەو کۆبوونەوەیەدا ئێران هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازار ئەشکنجەی جودابیران، بە تایبەت کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینیەکان لەنێو ئەوانیشدا کوردەکان مەحکووم کرا. وەزیری دەرەوەی ئۆسترالیا لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ ئوسترالیا بەردەوام دەبێ لە چاوەدێریکردنی رەفتارەکانی ئیران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە قاو دەدا و داوا دەکا مافی نەتەوەکانی ئیران لە بەر چاو بگیرێ.