کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دیموکڕات بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان سمینارێکی بەڕێوەبرد

12:47 - 28 خەرمانان 2716

کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان لە ٢٤ ساڵەی تێرۆری میکونوس‌دا کۆڕیادێکی بۆ باس لە سەر تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هەروەها ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی پێکهێنا. ئەو کۆڕیادەکە ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەرمانان لە شاری تۆرکۆ بەڕێوەچوو،  بە سروودی ئەی شەهیدان و ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی حیزب دەستی پێکرد. لە سەرەتای ئەم کۆڕیادەدا سەید خدر میرسەیدی، ئەندامی بەرێوەبەریی کومیتەی فینلاندی حیزبی دێموکڕات باسێکی لەو ڕۆژە مێژووییە و نێوەرۆکی کۆڕیادەکە پێشکێش کرد و شەهێن زادئەحمەد، باسی لە ژیان و خەباتی شەهیدان ئازاد ئالی و ئەمیر نەستانی کرد و ژیاننامەی نوێترین شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی خوێندەوە. لە تەوەری دووهەمی کۆڕیادەکەدا، خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە باسەکەی بۆ خوێندنەوەیەک بۆ تێرۆری میکونوس تەرخان کردبوو، باسی لە نیاز و مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی کرد. چۆنیەتیی سەرکەوتنی پیلانی تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە ڕیستورانی میکونوس، باس لە چۆنیەتیی پێکهاتنی دادگای میکونوس، بڕیارەکانی ئەو دادگایە و کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی چەند تەوەرێکی دیکەی باسەکەی خاتوو گوڵاڵە شەڕەفکەندی بوون. ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا باسی لە کەسایەتیی فرەڕەهەندیی دوکتور سادق شەڕەفکەندی  کرد و لەسەر تایبەتمەندییە بەرزە ئینسانییەکانی دوکتور سادق و بنەما فیکرییەکانی بۆ بەشداران دوا. لە برگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا کەریم فەرخەپوور و نزار کوێستانی شێعر و پەخشانیان خوێندەوە و سەید ئەحمەد حوسێنی بە گێرانەوەی ئەزموونی خۆی لە کارکردن لەگەڵ شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی، کۆڕیادەکەی دەوڵەمەندتر کرد. کۆتایی کۆریادەکە تەرخان کرا بۆ پرسیار و سەرنجی بەشداران لەسەر ئەو باسانە کە لەلایەن خاتوو گوڵالە شەرەفکەندییەوە ولامی پرسیاری بەشداران درایەوە