کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێکردنەوەی وەفا لەگەڵ دوکتور شەڕەفکەندی بە کۆبوونەوە لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیداندا

04:29 - 29 خەرمانان 2716

ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ نوێکردنەوەی وەفا لەگەڵ دوکتور شەڕەفکەندی لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدان لە شاری بڕلین کۆبوونەوە. ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەرمانان ئەندامانی حیزب لە ئاڵمان بۆ بەرزراگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی میکونووس لە بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدان کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە "میکۆنووس بۆ ئێمە رابردوو نیە، بەڵکوو رووداوێکی لە بیر نەکراوە." ئەو ئاکسیۆنە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر کاک سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری مێکونووس و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی ئێران و پێوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئورووپا وتارێکی پێشکەش کرد. بەرێزیان لە بەشێک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵ و بڕیاری شێلگیرانەی دادگای میکونووس بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە کرد و گوتی سەرەڕای هەوڵی زۆری کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی فشار و تەماح وەبەرنانەوە،  دادگای میکونووس رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیرانی بە بڕیاردەری ئەو جینایەتە ناساند. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکڕات بەو بۆنەیە لەلایەن کاک ئەحمەد رەبەتی پێشکەش کرا.