کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی شەهیدانی بێرلین و شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی لە وڵاتی سوئێد بەڕێوەچوو

21:11 - 29 خەرمانان 2716

کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد لە شاری لینشۆپینگ کۆڕیادێکیان بۆ یادی ٢٤ ساڵەی شەهیدانی بێرلین، شەهید دوکتور سەعید شەرەفکەندی و کاک فەتاح عەبدوولی و کاک هومایون ئەردەڵان و ئاغای نووری دێهکوردی و هەروەها شەهیدانی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی پێکهێنا. ئەو کۆڕیادە ڕۆژی یەکشەممە، 28ی خەرمانان بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان و وتارێکی کورتی کاک محەممەد نستانی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری لینشۆپینگ دەستی پێکرد. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا کاک حەمەرەسووڵ کەریمی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەو پێوەندییەدا پێشکێش کرد. باس لە ژیان و خەباتی دوکتور شەڕەفکەندی، ڕۆڵی نەمر شەرەفکەندی لە بەڕێوەبەریی حیزب و چۆنیەتیی تێرۆر و رەوتی پێکهاتنی دادگای میکونوس چەند تەوەرێک لە باسەکانی بەڕێزیان بوون. ئەندامی ڕێبەریی حیزب لە بەشێک لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی دوکتور سەعید جۆرێک حیزبی ئیدارە دەکرد کە نەبوونی دوکتور قاسملوو بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دیار نەبوو، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی پیلانی تیرۆرکردنی دابڕێژێ. تیشک خستنەسەر بنەما فیکرییەکانی دوکتور شەڕەفکەندی لە ڕەهەندی نەتەوەیی و بیری چەپ، هەروەها ئاماژە بە فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات و پیداگریی دوکتور شەڕەفکەندی لەسەر گوتاری نەتەوەیی حیزبی دیموکڕات چەند تەوەری دیکەی باسەکەی کاک حەمەرەسووڵ کەریمی بوون. ئەندامی رێبەریی حیزب لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا پەڕژایە سەر دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئاماژە بە جموجۆڵی ئەم ساڵانەی حیزبی دێموکڕات، مەبەست لە حزووری پێشمەرگەی لە نێو خەڵکدا شی کردەوە و ڕێزی لە خەبات و تێکۆشانی هەموو شەهیدانی ئەم قۆناخەی حیزبەکەمان بە تایبەت شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی، دوو شەهیدی تازەی حیزب گرت. جێی باسە نوێنەرانی زۆر لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەشداری ئەو کۆڕیادە بوون و بەو بۆنەیە پەیامیان بۆ کۆڕیادەکە ناردبوو کە بریتی بوون لە: کۆمیتەی پارتی دێموکراتی کوردستان، کەرتی ڕێکخستی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، ناوەندی سوئێدیی کوردی سوئێد، یەکیەتیی کەم ئەندامان و بەساڵاچوانی لینشۆپینگ و یەکیەتیی کوردانی لینشۆپینگ. ئەو کۆڕیادە بە خوێندنەوەی شێعرێکی حەماسی لەلایەن کاک عوسمان سولێمانی کۆتایی پێهات.